ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا ئەمینی
هەڵوێستى وەرگرتووە
ستۆرییەک لە ئینستاگرام باوکى ژینا ئەمینى راپێچى دادگا کرد
964+
شۆڕش قادری
ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا ئەمینی کچە کوردەی سەقز کە ساڵی 2022 لەلایەن پۆلیسی رەوشتی تارانەوە کوژرا، بەتۆمەتی بانگەشە دژی سیستمی ئێران بانگهێشتی دادگا کراوە.
ئەمجەد ئەمینی لە ئینستاگرامی خۆی نووسینێکی بڵاوکردووتەوە و دەڵێت، “هەفتەیەک لەمەوبەر لەلایەن دادگای تاوانەکان و شۆڕشی شاری سەقز بەتۆمەتی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و بانگەشە دژی سیستمی ئێران بانگ کرام و دۆسیەم بۆ کرایەوە”.
“ئەو بانگهێشتە دوای ئەوە هات کە ستۆرییەکم لەسەر پەخشان عەزیزی بەندکراوی سیاسیی کورد بڵاوکردەوە”، ئەمجەد ئەمینی وای نووسیوە.
پێشتریش چەند جارێک باوکی ژینا ئەمینی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە بانگ کراوە و لێپێچینەوەی لەگەڵدا کراوە.
ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ، رۆژی 13ی ئەیلولی 2022 لەلایەن پۆلیسی رەوشتی تاران لەناو میترۆی حەقانی پایتەخت، بە بیانوی رەچاونەکردنی یاساکانی باڵاپۆشی دەستگیر کرا و سێ رۆژ دواتر بە شێوەیەکی گوماناوی لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران گیانی لەدەستدا،کەسوکارەکەی هەر ئەو کات دەسەڵاتدارانی وڵاتیان بە کوشتنی ژینا تۆمەتبار کرد، رووداوەکەش خۆپیشاندان و ناڕەزایی سەرتاسەری لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لێکەوتەوە.