لۆگۆی دەستەی دەستپاکی عێراق
لە موسڵ
شەش فەرمانبەر لە وەزارەتی دارایی و نەوت دەستگیرکران
ئەحمەد مستەفا
دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، کە شەش فەرمانبەریان لە وەزارەتەکانی نەوت و دارایی کە لە پارێزگای موسڵ کار دەکەن دەستگیر کردووە، ئەوەش لەسەر بنەمای کەیسەکانی دزینی پارەی گشتی و سەرپێچیکردن لە ئەرکەکانیان.
دەستەکە لە بەیاننامەیەکدا دەڵی، لە وێستگەیەکی سوتەمەنیدا تیمێکی مەیدانی لە بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوەی نەینەوا، دوو هەڵمەتی جیاوازیان لە یەکێک لە وێستگەکانی حکومی سوتەمەنی لە شاری موسڵ ئەنجامداوە، و لەوێدا توانیویانە چوار فەرمانبەر دەستگیربکەن.
پاش ئەوەی کارەکانی وردبینیکردن و بەدواداچوون بۆیان دەرکەوت کە دزینی بەنزین و بوونی جیاوازی لە نێوان بڕی بەنزینی تۆمارکراو لە تۆمارەکانی وێستگەکە و ئەو بڕە راستەقینەیەی لە خەزانەکاندابوە هەیە، هەروەها دۆزینەوەی پارە کە نەخراوەتە قاسە، هەروەک پارەی فرۆشتنی بەنزین و نەوتی سپی لەناو ئۆتۆمبێلی تایبەتی بەرپرسی قاسەی وێستگەکەدا دۆزراونەتەوە، کە نەخرابوونە ناو قاسەی وێستگەکە و وەک داهاتی دەوڵەت رادەست نەکرابوون.
لە هەڵمەتی سێیەمدا، تیمەکە کە چوونەتە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی پارێزگاکە، فەرمانبەرێک و کارمەندێکیان دەستگیرکردووە کە مامەڵەی رەسەنیان پێبووە و خەریکی رایکردنیان بوون لە فەرمانگەکەدا، بەبێ ئامادەبوونی خاوەن مامەڵەکان یان هەر بەڵگەیەکی یاسایی کە رێگەیان پێبدات ئەو کارە بکەن.
دەستەکە ئاماژەی بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای نەینەوا کردووە کە تایبەتە بە کەیسەکانی دەستپاکی، کە تێیدا بڕیاردراوە تۆمەتبارەکان بەپێی ماددەکانی (315 و 331) لە یاسای سزادانی عێراقی دەستبەسەر بکرێن.