دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل - وێنە؛ ئەرشیف
لە واشنتن
ترەمپ و نەتەنیاهۆ دەیانهەوێ بەمزووانە کۆببنەوە
شۆڕش قادری
لەکاتی بەخاکسپاردنی تەرمی خامنەیی، ترەمپ و نەتەنیاهۆ دەیانهەوێ لە واشنتن کۆببنەوە، ئیدی چیان بەدەستەوە و بەنیازی چین، جارێ روون نییە.
نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، نەتەنیاهۆ بەتەلەفۆن قسەی لەگەڵ ترەمپ کردووە و بڕیاریانداوە بەمزووانە لە واشنتن کۆببنەوە.
هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا نەتەنیاهۆ پیرۆزبایی 250ـیەمین ساڵیادی سەربەخۆیی ئەمریکای، لە دۆناڵد ترەمپ کردووە.
بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لەکاتێکدایە کە ترەمپ و نەتەنیاهۆ ناکۆکی زۆریان لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕی ئێران و لوبنان هەبووە و هەر ئەمڕۆش، دوای زیاتر لە چوار مانگ لە کوژرانی عەلی خامنەیی رابەری پێشووی ئێران بەدەستی ئەمریکا و ئیسرائیل، رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمەکەی لە تارانی پایتەخت دەستیپێکردووە و بڕیارە رۆژی پێنجشەممە لە مەشهەد بەخاک بسپێردرێت.