دیمەنی بەغدای پایتەختی عێراق _ وێنە: رۆیتەرز
شاندەکان سبەی دەگەن
بەغدا میوانداری کۆبوونەوەی پەڕلەمانەکانی ئاسیا دەکات
ئەحمەد مستەفا
شەممەی داهاتوو بەغدای پایتەخت میوانداری کۆبوونەوەی لیژنەی هەمیشەیی کاروباری سیاسی ئەنجومەنی پەڕلەمانەکانی ئاسیا دەکات، کە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت و شاندی 13 وڵات بەشداری دەکەن.
مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 9.1.2025 بڵاوکراوەتەوە، بە رۆژنامەی سەباح-ی راگەیاندووە، کۆبوونەوەی پەرلەمانەکانی ئاسیا کە لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، پەیوەندی بە لیژنەی هەمیشەیی پەیوەندیدار بە کاروباری سیاسی پەرلەمانەکانەوە هەیە.
شاندەکان، تاوتوێی ئەو پرسە بەپەلانەی دەکەن، کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و گۆڕەپانی ناوچەیی و تایبەت عەرەبی روویانداوە، هەندێک رێکار دەگیرێنەبەر، کە دەخرێنە بەردەم کۆنفرانسی گشتی بۆ ئەوەی وەک بڕیارنامە پەسەند بکرێت.
کارنامەی کۆبوونەوەکە ئەمانە دەبن؛ راپۆرتی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی پەرلەمانی ئاسیا، هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتەکان و راپۆرتدەری لیژنەی کاروباری سیاسی، گفتوگۆی گشتی لەسەر ڕەشنووسی بڕیارنامەکان، کۆبوونەوەی مەکتەبی جێبەجێکاری کۆمیتە، کۆبوونەوەی کۆمیتەی فەڵەستین و کۆبوونەوەی گروپەکانی کرداری.
لە کۆبوونەوەکەدا شاندەکانی: روسیا، تورکیا، ئێران، ئەندەنوسیا، پاکستان، فەڵەستین، ئازەربایجان، قەتەر، ئیمارات، کەمبۆدیا، قوبرس، سعودیە، بەحرەین، و شاندی سکرتاریەتی گشتی ئەنجومەنی پەرلەمانی ئاسیا بەشداردەبن، کە بڕیارە سبەی هەینی بگەنە بەغدا.