سکاڵایان لەسەر تۆمار كردوون

“جوتیار رێگە نادەن دارستانێک لە قەڵادزێ دروست بکرێت”

محەمەد عەلی ـ راپەڕین

قەڵادزێییەکان چاوەڕێی 50 دۆنم دارستانن و جوتیارەکانیش دەڵێن زەوی خۆیانە و نایدەن، بەڕێوەبەرایەتیی دارستان و پاوانی راپەڕینیش سکاڵای یاساییان لەسەریان تۆمارکردوون بە تۆمەتی داگیرکردنی زەوییەکان.

ئیسماعیل محەمەد، بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی راپەڕین بە 964ـی وت، “ئەم زەویانەی کە ئێمە دەیکەین بە دارستان، زەوی حکومەتن و لە کۆنەوە لەلایەن جوتیارانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و کشتوکاڵیان لێکردووە، جوتیارەکان ژمارەیان 18 کەسە و تێیاندایە  فەرمانبەری حکومەتە و 40 دۆنم زەوی داگیرکردووە”.

وتیشی، ”ئێستا ئێمە زەوییەکان سەوز دەکەین، جوتیارەکانیش ناڕازاین و دەڵێن زەوییەکان هی ئێمەن، ئێمەش سکاڵایی یاساییمان لەسەریان تۆمار کردووە”.

باسی لەوەش کرد، ئەو جوتیارانە بە دزییەوە چوونە شەو زەوییەکەیان کێڵاوە و کردوویانە بە گەنم و جۆ، ئەمانیش وەک دارستان و پاوانی راپەڕین رێگە نادەن و دەیکەن بە دارستان و بەتەمان 50 دۆنم لەو زەوییانە بە سنەوبەر بچێنن، تا ئێستاش 25 دۆنمیان تەواو کردووە، بڕی دوو هەزار و 500 نەمامی سنەوبەریان لە باشترین جۆرەکان لێ چاندووە .

“لەدوای سەری ساڵ 25 دۆنمەکەی تریش دەچێنین، بەشێکی دارستانەکەش کە سووتاوە یان وشک بووە، بە سنۆبەری تازە پڕدەکرێنەوە و ئەوەی کە هەیە فراوانتر دەکرێت، کۆی گشتی 125 دۆنم زەوی پێوە سەوز دەکەین” ئیسماعیل محەمەد وای وت.

پێداچوونەوە – ژوولی عەدنان