حکومەت زیاتر لە ملیارێک و 360 ملیۆن دینار موچەی زیادە دەگەڕێنێتەوە

+964
فەهمی نەبی

حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێداچونەوەیان کردووە بە دۆسیەی زیاتر لە 365 هەزار فەرمانبەر، لە ئەنجامدا توانیوانە ملیارێک و 360 ملیۆن و 808 هەزار دینار بگێڕنەوە.

ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە 4ی شوبات بڵاویکردەوە، لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، لیژنەکانی چاکسازی پشکنینیان بۆ 32 دامەزراوەی هەر سێ دەسەڵاتەکانی یاسادانان، دادوەری و جێبەجێکردن کردووە.

لیژنەکە لەو سێ دامەزراوەیە پێداچوونەوەیان بۆ 365 هەزار و 452 دۆسیە کردووە، لە ئەنجامدا دەرکەوتووە حەوت هەزار و 196 دۆسیە پلەی زیادەیان بۆ بەستراوە، 15 هەزار و 614 دۆسیەش موچەی زیادەیان هەبووە.

بەگوێرەی بڵاوکراوەکە، کۆی جیاوازی موچەی ئەو کەسانە بە گشتی ملیارێک و 360 ملیۆن و 808 هەزار دینار بووە.

ئەوەش هاتووە، کە نزیکەی 42 هەزار دۆسیەی پێشمەرگە و ئەفسەر و پلەدار ئامادەکراوە بۆ پێداچوونەوە، تاوەکو بزانرێت کام لەم دۆسیانە بەشیوەی نایاسایی پلە بەرزکردنەوە یان موچەی زیادەیان بۆ بەستراوە.

پێداچونەوەکە لە چوارچێوەی رێنمایی ژمارە 12ی حکومەتی هەرێمە، بەپێی ئەو رێنماییە لیژنەیەک پێکهێنراوە لە هەریەکە لە دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی دەستپاکی و وەزارەتی دارایی پێکهاتووە.