زۆر شت گۆڕا
یادى سێ ساڵەى هێرشەکەى 7ـى ئۆکتۆبەرە
964+
وریا فەتاح
ئەمڕۆ، یادى سێ ساڵەى هێرشەکەى 7ـى ئۆکتۆبەرى 2023ـە، کە تێیدا زیاتر لە 1,200 کەس کوژران و بووە هۆى هەڵگیرسانى جەنگێکى خوێناوى.
لەو رۆژەدا بە سەدان چەکداری رێکخراوی حەماس لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی “تۆفانی ئەقسا”، هێرشیان کردە سەر چەند کۆمەڵگەیەکی جوونشین لە نزیک کەرتی غەززە و لە ئەنجامدا دەیان ئۆتۆمبێل و باڵەخانە سووتێنران و سەدان کەس کوژران و بریندار بوون، بە دەیان کەسیش بەدیل گیران، ئاگری شەڕەکەش تا ئێستا بڵێسە دەکات و نەکوژاوەتەوە.
لەدوای ئەو هێرشانەوە ئیسرائیل چەندین سەرکردەی حەماسی کردووەتەوە ئامانج و کوژراون، ئەمە جگە لەوەی غەزەی وێرانکرد و بە هەزاران کەس بێحاڵ و ماڵ بوون و بە دەیان هەزار منداڵیش بوونەتە قوربانی.
یادى ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئیسرائیل (تەنها 20 رۆژی ماوە). ئەم یادە بووەتە جێی مشتومڕێکی توندی سیاسی، بنیاسین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە لایەن خێزانی قوربانیان و ئۆپۆزسیۆنەوە رووبەڕووی رەخنەی توند دەبێتەوە بەهۆی رەتکردنەوەی پێکهێنانی لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لەسەر شکستە ئەمنییەکانی ئەو رۆژە.
سەرەڕای تێپەڕینی سێ ساڵ، دۆخی ناوچەکە هێشتا گرژە. نەتانیاهۆ لە وتارێکدا رایگەیاند کە هێزەکانیان بەردەوام دەبن لە راوەدوونانی هەر کەسێک کە بەشدار بووە لە هێرشەکەدا و رێگە نادەن حەماس بگەڕێتەوە سەر دەسەڵات لە غەززە. لە لایەکی ترەوە، ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی دژ بە حکومەت لە تەلئەڤیب بەڕێوەچوو.