رێنمایی نوێی سعودیە

پێش ئەوەی بچن بۆ حەج دەبێت پشکنینی لیاقە ئەنجامبدەن

ژووری هەواڵ

تەندروستی هەولێر رێنماییەکی نوێی وڵاتی سعودیەی بۆ ئەو هاوڵاتییانە بڵاوکردووەتەوە کە بۆ وەرزی نوێ فەریزی حەج ئەنجامدەدەن و دەڵێت، دەبێت پشکنینی لیاقە ئەنجامبدەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 11.12.2024، بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری پاراستنی تەندروستیی هەولێر رایگەیاند،  ئەو کەسانەی بەمەبەستی بەجێگەیاندی فەریزەی حەج و ماڵی خودا دەچنە سعودیە، دەبێت پشکنینی لاشەیی، واتا پشکنینی لیاقەیان  بۆ ئەنجامبدرێت، ئینجا دەتوانن فەریزەی حەج ئەنجام بدەن.

بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەو رێنماییە و ئامادەکاری و دانانی  تیمەکانی کوتان و پشکنین، ئەمڕۆ تیمێکی تەندروستی هەولێر لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی ئاوقاف و حەج و عمرە کۆبوونەوە.

بۆ وەرزی نوێی حەج، ژمارەی حاجیانی کوردستان بە گشتیی، لە چوار هەزار و 685 کەسەوە بۆ پێنج هەزار و 120 کەس زیاد کراوە.

ئەم ژمارەیە بەگوێرەی رێنماییەکانی سعودیە رێکخراوە کە بۆ هەر ملیۆن کەس، هەزار کەس دیاریکراوە.