مۆندیالی964
سوارێز، بکوژى خەونەکانى کیشووەرى رەش لە مۆندیال نابینن
وریا فەتاح
تۆپی پێ یارییەکی بێبەزەییە، ئەو دەستانەی لە مۆندیالی 2010 مێژوویان بۆ ئۆرۆگوای گۆڕی، ئەمڕۆ ناتوانن فریای خاوەنەکەیان بکەون. لویس سوارێز دوای ئەوەی ماڵئاوایی لە یاریی نێودەوڵەتی کرد، مۆندیالی ئەمجارە بەبێ ئەو بەڕێوەدەچێت.
گەڕانەوە بۆ مۆندیالی 2010 بیرەوەرییەکی تاڵ بەبیری ئەفریقییەکان دەهێنێتەوە. لەو پاڵەوانێتییەدا هەڵبژاردەی غانا “ئەسپە رەشەکە” بوو، دوای تێپەڕاندنی کۆمەڵەیەکی ئاگرین کە پێکهاتبوو لە (ئەڵمانیا، سڕبیا و ئوسترالیا)، لە قۆناغی 16دا ئەمریکایەکی زۆر بەهێزی دەرکرد و گەیشتە قۆناغی هەشت.
لە قۆناغی هەشتدا، غانا رووبەڕووی ئۆرۆگوای بووەوە و یارییەکە گەیشتە کاتی زیادکراو. لە خولەکی 120 و کاتێک ئەنجامەکە (1-1) بوو، غانا هێرشێکی برد، تۆپەکە گۆڵپارێز و سەرجەم بەرگریکارەکانی بڕی و خەریک بوو مێژوو بنووسرێتەوە، بەڵام لویس سوارێز بووە گۆڵپارێز و بە دەستەکانی رێگری لە تۆپەکە کرد.
ئەو دەستانەی سوارێز خەونی کیشوەرە رەشەکەی کوشت، ناوبژیوان کارتی سووری بە سوارێز دا و لێدانی سزای بۆ غانا هەژمارکرد، بەڵام ئەساموا جیان لێدانەکەی لەدەستدا. لە کۆتاییدا ئۆرۆگوای بە لێدانی یەکلاییکەرەوە سەرکەوت و خەونی ئەفریقییەکان بە دەستەکانی سوارێز دزرا.
هەرچەندە دواتر ئۆرۆگوای بە هۆڵەندا دۆڕا، بەڵام هەمیشە ئەو پرسیارە لای هاندەران دەمێنێتەوە، ئەگەر غانا سەرکەوتایە ئایا دەبووە نێچیرێکی ئاسان؟.
ئێستا و دوای تێپەڕبوونی ساڵانێکی زۆر بەسەر ئەو رووداوەدا، ئەو پیاوەی رێڕەوی مێژووی گۆڕی، بەهۆی چوونە تەمەن و پەراوێزخستنییەوە ناچار بە ماڵئاوایی کرا و مۆندیالی ئەمجارە، بێ دەستەکانی سوارێز بەڕێوەدەچێت.