ئەوەی ئەمڕۆ وەجبەی یەکەمە

زیندانییەکانی کەرکوک لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەدرێنەوە بە هەواڵگری عێراق

+964
کاروان ساڵحی –  کەرکوک

بازگەی چیمەن قەرەباڵغە، دەیان خێزان لەوێ کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی پێشوازی لەو زیندانیانە بکەن کە ئەمڕۆ لەلایەن ئاسایشەوە دەدرێنەوە بە هەواڵگری عێراق.

بازگەی چیمەن لە نێوان کەرکوک و سلێمانیدایە، گیراوەکانیش ئەوانەن کە چەند ساڵە زیندانیکراون بە تۆمەتی جۆراوجۆر، هەر لە دۆسێی تیرۆر و رفاندنەوە تێیاندایە تا دەگاتە تۆمەتی بچووکتر.

لایەنی عەرەبی دەڵێن 500 زیندانیان هەیە لە سلێمانی و ژمارەیەکیشیان لە هەولێرە، لەو کاتەی حکومەتی خۆجێیەتی کەرکوک پێکهێنراوە، لایەنی کوردی لەگەڵ شێخ وەسفی عاسی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و کەسایەتی دیاری کەرکوک رێککەتوون گیراوەکان لە سلێمانی نەمێنن و بدرێنەوە بە هەواڵگری عێراق، ئەمڕۆ وەجبەیەکیان دەگاتەوە کەرکوک، بەڵام ئەوانەی هەولێر هیچ دەنگیان نییە.

وەفدێکی کەرکوک لەگەڵ هێزێکی هەواڵگری عێراقی چوونەتە سلێمانی و زیندانییەکان وەردەگرنەوە و دەیانبەنەوە کەرکوک، سەرچاوەیەک کە ئاگای لە جموجۆڵی وەفدەکەیە بە 964 وت ”هێشتا بەتەواوەتی نازاندرێت ئەمڕۆ چەند کەس دەدرێنەوە دەست هەواڵگری عێراق”.

پرۆسەکە بەم شێوەیەیە، کاتی خۆی گیراوەکان گواستراونەتەوە بۆ هەولێر و سلێمانی، ئێستا ئەوانەی سلێمانی دەدرێنەوە بە دەزگای هەواڵگری عێراق، ئەوانیش لە زیندانەکانی کەرکوک رایاندەگرێت و دانە دانە دۆسیەکانیان دەدرێنەوە بە دادگا و حوکم دەدرێنەوە، ئەوانەی بێتاوان بن یان ماوەی حوکمەکەیان تەواوکردبێت ئازاد دەکرێن، ئەوانەشی حوکمەکەیان قورس بێت لە زینداندا دەهێڵدرێنەوە.

گیراوەکان خەڵکی کەرکوک، حەویجە، رەشاد و ریازن و لە کاتی جیاوازدا لە ماوەی نێوان 2004 بۆ 2017 دەستگیرکراون.

ئاسایشی سلێمانی شەش کەسی دەستگیر کرد

ئاسایشی سلێمانی شەش کەسی دەستگیر کرد