بۆیان نەچووە سەر و دوانیان دەستگیر کران

لە سنووری داوودە راوچییەکان بە دەستڕێژی گوولـلە رووبەڕووی پۆلیس بوونەوە

سیروان خورشید – خورماتوو

بەهۆی رووبەڕووبوونەوەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی زینانە بە دەستڕێژی گولـلەی چەند راوچییەک گرژی و ئاڵۆزی بۆ ماوەی نزیکەی کاتژمێرێک دروستبوو بەڵام دواتر پۆلیس توانی دوو لەو راوچییانە دەستگیر بکات.​

​رووداوەکە، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 7.5.2026 لە ناوچەی داوودەی سنووری قەزای خورماتوو، لە نێوان گوندەکانی “جوامێر ئاغا و قەواڵی” روویدا.

چیرۆکەکە بەوشێوەیە بوو، دوای ئەوەی مەفرەزەکانی پۆلیسی دارستان هەستیان بە بوونی چەند راوچییەک کرد، دەرچوونێکیان بۆ ناوچەکە کرد، راوچییەکان کە پێیانزانی پۆلیس چاودێریان دەکات نەک هەر پابەندی رێنماییەکان نەبوون، بەڵکو تەقەیان لە هێزەکانی پۆلیسیش کردووە.

بەرزان حسێن، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانی ناحیەی زینانە بە964ـی وت، مەفرەزەکانیان لە کاتی بەجێگەیاندنی ئەرکی فەرمی بۆ پاراستنی سروشت و ژینگەی ناوچەکە، لەلایەن چەند راوچییەکی نایاساییەوە هێرشیان کراوەتە سەر و بۆ ماوەی نزیکەی یەک کاتژمێر رووبەڕووبوونەوە و ڕاوەدوونان بەردەوام بوو.

وتیشی “خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی لە ریزەکانی پۆلیسدا نییە، بەڵام بەهۆی دەستڕێژی گولـلەی راوچییەکانەوە، زیان بەر ئۆتۆمبێلەکانی پۆلیسی دارستان کەوتووە و چەند فیشەکێکیان بەرکەوتووە”.

​ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆسەی دەستگیرکردنەکە بە هەماهەنگی و هاوکاری ئاسایشی زینانە بووە، لە ئەنجامی چالاکییەکەدا، ​دوو راوچی دەستگیرکراون و دەست بەسەر چەک و کەرەستەی راوکردنەکەشیاندا گیراوە و تۆمەتباران رەوانەی بنکەی پۆلیس کراون بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەریان.

​ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە پێشتر پۆلیسی دارستان هۆشداری توندی دەبووە ئەو کەسانەی بە شێوەی نایاسایی راو دەکەن کە بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشیان لێناکرێت بەتایبەتیش ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر کارمەندانیان و یاسا دەبەزێنن.

پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن