سودانی بۆ رۆژنامەیەكی ئیسپانی:
“یاریی كلاسیكۆ لە عێراق كێشەی بۆ دروست كردووین”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەرۆك وەزیرانی عێراق بە سەردانێكی فەرمی لە ئیسپانیایە و بە دیداری رۆژنامەیەكی ئیسپانیدا بە پێكەنینەوە وتویەتی، یاریی كلاسیكۆی نێوان ریال مەدرید و بارسێلۆنا لە عێراق هەواداری زۆرە و زۆرجار كێشەشیان بۆ دروست دەكات.
محەمەد شیاع سودانی چاوپێكەوتنێكی درێژی لەگەڵ رۆژنامەی ئیل مۆندۆی ئیسپانی كردووە و لە دوابەشیدا پرسیاری لە بارەی وەرزشەوە لێكراوە، كە بەشێكی دیكەی پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ئیسپانیایە.
سودانی لە وەڵامی پرسیارەكەدا دەڵێت، “راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق ئیسپانییە، كە خیسۆس كاساسە و كەسێكی خۆشەویستە، گەلی عێراقیش زۆر گەرموگوڕن بۆ تۆپی پێی ئیسپانیا، بە تایبەتی بۆ یارییەكانی كلاسیكۆی نێوان ریال مەدرید و بارسێلۆنا، كە زۆر جار كێشەش لە وڵات دروست دەكات (بە پێكەنینەوە)”.
سەرۆك وەزیرانی عێراق هەروەها ئاماژەی بەوە كردووە، رێككەوتن هەیە لە نێوان عێراق و ئیسپانیا بۆ پێشخستنی تۆپی پێ و خولی ئەستێرەكانی عێراق و مەشقپێكردنی یاریزانان.
دوو ساڵە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق رێككەوتنی لەگەڵ دەستەی خولی ئیسپانیا كردووە، بە مەبەستی پێشخستنی خولی یانە پیشەگەرەكانی عێراق، كە ئێستا خولی ئەستێرەكانی پێدەڵێن، جگە لەوە راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق ئیسپانییە و هەروەها راهێنەر و یاریزانی ئیسپانیش لە عێراق كاردەكەن، بە تایبەتی لە یانەی مینا.
جگە لەوە تا ئێستا چەند خولێكی پێشخستن بۆ كارگێڕی یانەكانی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، لە ئیسپانیا رێكخراوە بە مەبەستی پێشخستنی ئاستی كاركردنیان.