"دەیانەوێ برایەتی بمێنێ"
گەنجانی سلێمانی بەیانی دەچن بە هانای هەولێرەوە
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
ژمارەیەک گەنج لە سلێمانی، کە خۆیان دەڵێن، گەنجی نیشتمانین، بڕیاریان داوە، سبەی بەیانی کۆببنەوە و بۆ پشتگیری و کۆمەک و هاوکاری بچنە شارەکە و یارمەتی لێقەوماوانی لافاوەکەی هەولێر بدەن.
وەک باسی دەکەن ئازاری هەر شارێکی کوردستان ئازاری شارەکەی ترە، ئەوان دەیانەوێ ئەو برایەتییە بمێنێتەوە.
ئالان زەنکەگە یەکێکە لە گەنجەکان ئەو بە 964ی وت، ئەمڕۆ مۆڵەتی دەزگا ئەمنییەکان دەگەڕێتەوە و سبەینێ کاتژمێر 6:30 خولەکی بەیانی لای ئەمنە سورەکە کۆدەبنەوە و هەر دانیشتوویەکی شارەکە بێت، پێکەوە دەچنە هەولێر.
ئەوان بڕیاریان وایە، جگە لە هاوکاری و پاککردنەوەی شەقام و ماڵەکان، کۆمەک و کەلوپەلی پێویست کۆبکەنەوە بۆ ئەو خەڵکانەی زیانیان لێ کەوتووە و بیگەیەنن پێیان.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا