هەفتەی داهاتوو دەستبەكار دەبێت
گۆڕانكاری لە پۆستی بەڕێوەبەری چاكسازی گەورانی سلێمانی دەكرێت
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
ماوەی سێ ساڵە، گۆڕانكاری لە پۆستی بەڕێوەبەری چاكسازی گەورانی سلێمانی دەكرێت و هەر ساڵە و بەڕێوەبەرێكی نوێی بۆ دیاریدەكرێت و بەرپرسی بەشی یاسایی چاكسازییەكەش دەڵێت، “بڕیارەكە سێ ساڵە لە چاكسازییەكە جێبەجێدەكرێت و بەڕێوەبەری تازە دەبێتە سێیەم بەڕێوەبەر كە دەست بەكاردەبێت”.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست پەیامنێری 964 کەوتووە، عەمید وەهاب عەزیز، بەڕێوەبەری پێشووی ئاسایشی سەیدسادق دیاریكراوە، بۆ وەرگرتنی پۆستی بەڕێوەبەری چاكسازی گەورانی سلێمانی و تەنیا رێكارە كارگێڕییەكانی ماوە بۆ دەست بەكاربوونی.
لەبارەی گۆڕانكاریەكەوە، شوان بوڕهان، بەرپرسی بەشی یاسایی چاكسازیی گەورانی سلێمانی بە 964ـی وت، “لە ئیستادا بەشێوەیەکی كاتی و بۆ ماوەیەكی دیاریكراو، دێبەر محەمەد، بەڕێوەبەری كارگێری چاكسازییەكە، لە شوێنی موقەدەم دیار مەحمود بەڕێوەبەری پێشوو، كاروبارەكانی چاكسازیی گەوران بەڕێوەدەبات و بە وەكالەت وەك بەڕێوەبەر دیاریكراوە، تا بەرێوەبەری تازە، نوسراوەكەی لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەگەڕێتەوە”.
وتیشی، ئەگەر گۆڕانكاری تێدا روونەدات، بڕیار وایە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەڕێوەبەری تازە دەست بەكاربێت.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر