تۆم باراک
رۆژانە 750 هەزار بەرمیل نەوت
ئەمریکا پێشوازی لێدەکات؛ عێراق و تورکیا رێککەوتنێکی ستراتیژیی نەوتییان واژۆ کرد
وریا فەتاح
عێراق و تورکیا رێککەوتنێکیان بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو بۆ بەندەری جەیهان واژۆ کرد، نێردەی ئەمریکاش رێککەوتنەکە بە “دیپلۆماسییەتی نایاب” وەسف دەکات و سەرۆک وەزیرانیش دەڵێت، رۆژانە 750 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکرێت.
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق، ئەمڕۆ شەممە لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی ‘ئێکس’ پێشوازی لە رێککەوتنەکە کرد و نووسیویەتی، “ئەمە سەرکردایەتییەکی دیپلۆماسیی نایابە لەلایەن هەردوو لایەنەوە”.
لای خۆیەوە، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران هەر لە ‘ئێکس’ بڵاویکردەوە، رێککەوتنەکە دەستکەوتێکی ستراتیژیی گرنگە بۆ مسۆگەرکردنی هەناردەی نەوت و بەهێزکردنی ئابووریی نێوان هەردوو وڵات.
بەپێی رێککەوتنەکە، رۆژانە بەلایەنی کەمەوە 750 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی عێراق لە رێگەی بۆریی عێراق-تورکیاوە دەگوازرێتەوە بۆ بەندەری جەیهان.
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەش کردووە، کۆمپانیا عێراقی و تورکییەکان دەست بە کارەکانیان دەکەن، هاوکات هەردوو حکومەت کار بۆ تەواوکردنی رێککەوتنێکی گشتگیر دەکەن کە کەرتەکانی نەوت، کارەبا، سەرچاوەکانی ئاو و چەند بوارێکی دیکە دەگرێتەوە بۆ پاڵپشتیکردنی سەقامگیری و گەشەپێدان.