سەرەتا "هاوەڵی کەمئەندام" وەریدەگرن

عێراق دەستی بە دابەشکردنی موچەی مانگی تەمموز کرد

فەرهاد حەسەن

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، خەرجکردنی مووچەی “هاوەڵی کەمئەندام”ی بۆ مانگی تەممووزی 2026 راگەیاند و دەڵێت ژمارەی ئەو توێژە زیاتر لە 386 هەزار کەسن لە بەغداد و پارێزگاکانی دیکەی عێراق.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، زیکرا عەبدولڕەحیم، سەرۆکی دەستەی مافی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە وەزارەتی کار، لە راگەیەندراوێکدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی  بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە “دەستەکە سەرجەم رێکارە هونەری، کارگێڕی و داراییەکانی تایبەت بە خەرجکردنی موچەی “هاوەڵی کەمئەندام”ی تەواو کردووە کە ژمارەیان گەیشتووەتە زیاتر لە 386 هەزار کەس و کۆی بڕی پارەی تەرخانکراویش 66 ملیار و 252 ملیۆن دینارە.

جەختدەکاتەوە، کە هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ گەرەنتی بەردەوامیی دابەشکردنی شایستە داراییەکان لە کاتی خۆیدا، بە مەبەستی باشترکردنی باری گوزەرانی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و خێزانەکانیان.

داواش لە سوودمەندان دەکات، دوای گەیشتنی نامەی ئاگادارکردنەوە لە بانکەکانەوە، سەردانی بنکە رێپێدراوەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی بکەن بۆ وەرگرتنی موچەکانیان.