بڕەکەی کەمیکردووە

لە هەشت مانگدا عێراق 62.9 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەمریکا کردووە

ژووری هەواڵ

ئەمریکا بڕی ئەو نەوتەی ئاشکرا کرد کە لە ماوەی هەشت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لە عێراقەوە هاوردەی کردووە و دەردەکەوێت کە بڕەکەی بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمیکردووە.

ئیدارەی وزەی ئەمریکا رایگەیاند، هه‌نارده‌ی نه‌وت و به‌رهه‌مه‌كانی عێراق له‌ هه‌شت مانگی ئه‌مساڵدا، بە تێکڕا مانگانە حەوت ملیۆن و 862 هەزار و 625 بەرمیل بووە و کۆی گشتی 62 ملیۆن و 900 هه‌زار به‌رمیل بووە.

پێشتریش ئیدارەی زانیاری وزەی ئەمەریکا ئاشکرایکرد، “عێراق لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی 2024 زیاتر لە 46 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو و وەرگیراوەکانی هەناردەی ئەمریکا کردووە”.

ئەوە لە کاتێکدا، لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2023، عێراق نزیکەی 65 ملیۆن بەرمیل نەوتى هەناردەی وڵاتەکەی کردووە و بەراورد بە ساڵی 2022، هەناردەكردنى نەوتى عێراق بۆ ئەو وڵاتە به‌ رێژه‌ی لە33.5% زیادی کردووە، بەڵام بۆ نیوەی یەکەمی ساڵی 2024 پێچەوانە بووەتەوە.