دیمەنى هاتنى بەلێشاوى هاوڵاتیان لە مەرزى کێلێوە بۆ بەشدارى لە سەرژمێرى
بۆ بەشدارى لە سەرژمێرى
لە مەرزى کێلێوە رۆژانە نزیکەى 1500 کەس لە رۆژهەڵاتەوە دەگەڕێنەوە هەرێم
وریا فەتاح
ماوەى چەند رۆژێکەمەرزى کێلێ لە سنوورى قەزاى پشدەر جمەى دێت لە هاتنەوەى بە لێشاوى ئەو هاوڵاتیانەى کارتى نیشتمانیان هەیە و دەیانەوێت بەشدارى لە سەرژمێرى بکەن، بەڕێوەبەرى گومرگى راپەڕین دەڵێت: رۆژانە 1400 بۆ 1500 کەس دەگەڕێنەوە.
عەباس عەزیز، بەڕێوەبەرى گومرگى راپەڕین بە 964ـى وت،” ماوەى چوار رۆژە هاتنى بە لێشاو لە مەرزى کێلێوە دەستى پێکردووە و رۆژانە 1400 بۆ 1500 کەس لەوانەى کارتى نیشتمانیان هەیە و لە ئێران و رۆژهەڵاتى کوردستان دەژین، لە رێگەى مەرزى کێلێوە دەگەڕێنەوە هەرێمى کوردستان”.
وەک باسى دەکات، بەپێى یاسا ئەو کەسانە مافى ئەوەیان هەیە بەشدارى لە سەرژمێرى بکەن و هەڵگرى کارتى نیشتمانى عێراقین.
“ئەو کەسانە بەشێکیان ئەو کوردانەن کە لە رابردوو ئاوارەى ئێران بوون و بەشێکیان ئەوانەن بۆ کارکردن و خوێندن لەوێن”، عەباس عەزیز واى وت.
جەختیشى کردەوە، هەموو کارئاسانییەک بۆ ئەو کەسانە دەکرێت بۆ ئەوەى بگەڕێنەوە هەرێم و بەشدارى لە پڕۆسەى سەرژمێرى دانیشتوان بکەن و چاوەڕێش دەکەن سەروو شەش هەزار کەس لە رێگەى مەرزەکەوە بگەڕێنەوە هەرێم.