دووەم تەقینەوەیە لە سێ رۆژدا

کوژراو و بریندار هەن؛ لە شارى تەدمورى سوریا تەقینەوەیەک روویدا

وریا فەتاح

ئەمڕۆ دووشەممە، بەهۆی تەقینەوەیەک کە لە عەرەبانەیەکی کڕین و فرۆشتن لە شاری تەدمور سەر بە گوندەوارەکانی حومس لە ناوەڕاستی وڵاتەکە روویداوە، کەسێک کوژراوە و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سوریا رایگەیاند، لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەن بۆ زانینی سروشت و سەرچاوەی تەقینەوەکە.

تاوەکو ئەم ساتە، دەسەڵاتدارانی سوریا هیچ وردەکارییەکی دیکەیان لەبارەی رووداوەکەوە ئاشکرا نەکردووە.

لەماوەى سێ رۆژدا، ئەوە دووەم تەقینەوەیە لە سووریا رووبدات و پێرێش  بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو بە پاسێکی گواستنەوەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سووریا لە گوندەوارەکانی دیمەشق، چەندین کارمەندی ئەمنی بریندار بوون.

لە 3ـى ئابیشەوە ئەوە سێیەم تەقینەوەیە لە تەدمور رووبدات و پێشتریش دوو تەقینەوە لە دەورووبەرى فڕۆکەخانەى ئەو شارە روویاندا بوو.