تەرمەکەی دەگەڕێندرێتەوە

عومرەکارێکی دانیشتووى کەلار لە سعوودیە گیانی لەدەستدا

وریا فەتاح

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان گیانلەدەستدانی عومرەکارێکی کورد لە وڵاتی سعوودیە رادەگەیەنێت، کە بڕیارە لەسەر داوای کەسوکارەکەی تەرمەکەی بهێندرێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

کاروان ستوونی، وتەبێژی حەج و عومرەی کوردستان رایگەیاند، شەوی رابردوو، عومرەکارێکی خەڵکی قەزای کەلار بەناوی (محەممەد حەسەن) کە تەمەنی سەروو 65 ساڵە، لە وڵاتی سعوودیە کۆچی دوایی کرد.

ئەو هاووڵاتییە دوای بەجێگەیاندنی سوننەتی عومرە، لە رێگەی نێوان (مەدینە – عەرعەر) گیانی لەدەستداوە. بەمەش دەبێتە دووەم عومرەکاری کورد کە لە وەرزی عومرەی ئەمساڵدا (2026) گیان لەدەست بدات.

سەبارەت بە رێکارەکانی هێنانەوەی تەرمەکەی، وتەبێژەکەی حەج و عومرە ئاشکرای کرد کە ئەو کەسوکارەی لە گەشتەکەدا یاوەرییان کردووە، داوایان کردووە تەرمەکەی بگەڕێندرێتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێوەبەرایەتییەکەیان لە رێگەی نووسینگەی حەج و عومرەی گەرمیانەوە لەسەر هێڵە بۆ کارئاسانیکردن و گواستنەوەی تەرمەکەی بۆ کوردستان.

بڕیارە دوای گەیشتنەوەی بە هەرێمی کوردستان، لەلایەن بەرپرسی نووسینگەی گەرمیانەوە پێشوازی لە تەرمەکەی بکرێت و هەر لە قەزای کەلار بە خاک بسپێردرێت.