لە ئەکادیمیای ریال مەدرید راهێنان دەکات

سەید کەمال پشتگیری کوڕەکەی دەکات ببێتە یاریزان

کاردۆست حسێن – هەولێر

ئەکتەر و دەرهێنەری ناسراو سەید کەمال، لە نێو ئەکادیمیای ریال مەدرید لە هەولێر دەرکەوت و پشتگیری خۆی بۆ کوڕەکەی دەربڕی کە خەریکی فێربوونی یاری تۆپی پێیە و دەیەوێت لە داهاتوودا ببێتە یاریزانێکی سەرکەوتوو.

سەمەند کەمال بە 964ـی وت، کوڕەکەی پێشتر بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە فێرگەی پیرمام و ئارارات یاری کردووە، بەڵام ئێستا ماوەی دوو هەفتەیە هاتووەتە ئەکادیمیای ریال مەدرید.

وتیشی، کوڕەکەی زۆر حەزی لە وەرزشە و ئەویش وەک باوکێک هەمیشە هانی دەدات و کاتی بۆ تەرخان دەکات تاوەکو بگاتە ئاستێکی بەرز، چونکە بەهرەیەکی باشی تێدا دەبینێت.

دەربارەی کارە هونەرییەکانیشی، ئاماژەی بەوە کرد، زیاتر حەزی لە بواری دەرهێنانە و خۆی بە دەرهێنەر دەزانێت.

ئێستا خەریکی ئامادەکارییە بۆ فیلمێکی نوێی سینەمایی و لە قۆناغی هەڵبژاردنی ئەکتەر و شوێنی وێنەگرتندایە، بەڵام نایەوێت وردەکارییەکان ئاشکرا بکات و وەک سوپرایزێک بۆ بینەرانی هێشتووەتەوە.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر