لەسەر رووداوەکەى بانکى مەڵکەندى
هەڤاڵ ئەبووبەکر: داواى لێبووردن لە خانەنشینان دەکەین
وریا فەتاح
پارێزگارى سلێمانى راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوەو داواى لێبوردن لە هەموو خانەنشینان دەکات لەسەر ئەو رووداووەى ئەمڕۆ لە بانکى مەڵکەندى بەرامبەریان کراوە.
ئەم بەیانییە، لە بانکى مەڵکەندى سلێمانى و لە کاتى نۆرەگرتنى خانەنشینان بۆ وەرگرتنى موچە، رووداوێکى نەخوازراو روویدا، چەند کارمەندێکى هێزى ئەمنى پەلامار و پاڵیان بە خانەنشینانەوە.
لەسەر ئەو رووداوە، هەڤاڵ ئەبووبەکر پارێزگارى سلێمانى بە راگەیەندراوێک، داواى لێبوردنى لە هەموو خانەنشینان کردووە و دەڵێت: لێکۆڵینەوەمان لە رووداوەکە دەستپێکردووەو، داوامان لە فەرمانگا پەیوەندیدارەکان کردووە رێکاری پێویست بگرنەبەرو بەدواداچوونی وردو خێرا بۆ ئەم رووداوە بکەن.
جەختیش دەکاتەوە، هەر کەمتەرخەمییەک لەلایەن کارمەندو دامەزراوە حکومییەکانەوە بسەلمێت، رێکاری یاسایی پێویستیان لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
لاى خۆیەوە، رەحمان غەریب رێکخەرى سەنتەرى میترۆ لە بارەى رووداکەوە نوسیویەتى،”ئەوەى شەقى لێدەدرێت تەنیا خانەنشینان نین، شەقێکى توندە لە یاسا و سەروەربوونى”.
داواشى کردووە کە نابێت ئەم رەفتارە، بە بێ لێپرسینەوە و سزا تیپەڕێت.