لە شارەزوور و لە رۆژێکی خراپدا
منداڵێک کارەبا گرتی و دڵی لەلێدان کەوت بەڵام رزگار کرا
964+
شۆڕش قادری
لە قەزای شارەزوور منداڵێک لە رۆژێکی خراپدا و لەکاتێکدا کە نەخۆشخانەکان جمەیان دێ لە نەخۆشانی سکچوون و رشانەوە، کارەبا گرتی و بۆ ماوەیەک دڵی لە لێدان کەوت، بەڵام بەهەوڵی فریادڕەسەکان رزگار کرا و ژیانی بۆ گەڕایەوە.
بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی، “ئەمڕۆ شەممە 9.11.2024 و لە گەرمەی چارەسەری نەخۆشانی سکچوون و رشانەوە لە نەخۆشانەی شەهید رەئوف بەگ لە قەزای شارەزوور، منداڵێکی تەمەن شەش ساڵ بەناوی (م.أ.ف) لە مردن رزگار کراوە کە تەزووی کارەبا لێیدابوو’.
ئاماژە بەوەشکراوە، پاش گەیاندنی ئەو منداڵە بە هۆبەی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگ کە نیشانەکانی ژیانی تیادا نەمابوو، بە بوژانەوەی دڵ و کردنەوەی رێڕەوی هەناسەی و کارەبای دڵ، دوای چەند خولەکێک لێدانی دڵی گەڕاوەتەوە دۆخی ئاسایی خۆی”.
هەر بەپێی راگەیەنراوەکە، دواتر ئەو منداڵە بۆ چاودێری زیاتر رەوانەی فریاکەوتنی سلێمانی کرا.