14 کوژراو و 84 بریندار هەن
ئاماری رووداوی بەیەکدادانی دوو شەمەندەفەر لە ئیندۆنیسیا بەرزبووەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
دوو شەمەندەفەر لە دەرەوەی جاکارتای پایتەختی ئیندۆنیسیا شەوی رابردوو (بە کاتی ئیندۆنیسیا) بەیەکیاندادا، لە ئەنجامدا 14 کوژراو و 84 برینداری لێکەوتەوە.
بە گوێرەی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، شەمەندەفەرێکیان گەشتیاری و ئەویتریان گواستنەوەی ناوخۆیی بووە.
تیمەکانی فریاگوزاری تەرمەکانیان دەرهێنا و گواستەوە، هەروەها بریندارەکان گواسترانەوە نەخۆشخانە و هەندێک لە بریندارەکان لە ناو فارگۆنەکان گیریان خواردبوو.
سەرچاوەکە دەڵێت، تیمەکان گەڕانی زۆریان بە هەستیارییەوە ئەنجام دا.
هەروەها باسی ئەوەش دەکرێت پێکدادانەکە زیانێکی زۆری بە شەمەندەفەرەکان گەیاند و لە فارۆگەکانی دواوە بەریەککەوتوون.
سەوسەن شەریفە هاوڵاتییەکی 29 ساڵەی ئیندۆنیسییە، یەکێکە لە رزگاربووەکان، کە قۆڵی شکاوە، لەسەر جێگەکەی لە نەخۆشخانە باسی ئەو ساتە دەکات کە بە قسەی ئەو شەمەندەفەرە دوورمەوداکە کێشاویەتی بەو شەمەندەفەرە وەستاوەی کە ئەو تێیدا بووە. شەریفە بە رۆژنامەکەی وتووە “وامدەزانی دەمرم.”
دواڕووداوی بەیەکدادانی شەمەندەفەر لە ئیندۆنیسیا لە 2024 روویدا، کە بەهۆیەوە 4 ئەندامی تیمی شەمەندەفەرێک گیانیان لەدەست دا، هەروەها 24 کەسیش بریندار بوون.