شۆفێرەکەی سەلامەت دەرچوو
دوو رۆژە کەرکوک بۆی نایە؛ بارهەڵگرێک بەبارەوە و زیاتر لە 50 ملیۆن دینار سووتا
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
ئەم دوو رۆژە کەرکوک بۆی نایەت و ئەوا دیسان ئەمشەو بارهەڵگرێک لەسەر رێگای نێوان کەرکوک بۆ پردێ گڕیگرت، جگە لە سووتانی بارهەڵگرەکە زیاتر لە 50 ملیۆن دیناریش سووتا، بەڵام شۆفێرەکەی سەلامەت دەرچوو.
سەرچاوەیەک لە بنکەی پۆلیسی پردێ بە 964ـی وت، “بارهەڵگرێک لە جۆری میتسیۆبوشی کە باری خەڵکی بارکردووە و لە کەرکوکەوە بەرەو هەولێر رۆیشتووە، لە نزیک ناحیەی پردێ و بەدیاریکراوی لە نزیگ گوندی کەڵوڕ گڕیگرتووە و سووتاوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە بارەکەی، بارهەڵگرەکە 53 ملیۆن دیناری تێدابووە و ئەو پارەیەش سووتاوە، بەڵام شۆفێرەکەی توانیویەتی بە زەحمەت خۆی دەرباز بکات و سەلامەتە.
تا ئێستا هۆکاری رووداوەکە نەزانراوە و پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی پردێ دەستی بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە 26.4.2026 لە شەقامی دەروازە نزیک سەنتەری رۆشنبیری کەرکوک، میکسەرێک کۆنترۆڵی خۆی لەدەستدا و خۆی بەچەندین ئۆتۆمبێلدا کێشا، جگە لە گیانلەدەستدان و بریندرابوونی نزیکەی 30 هاوڵاتی، 36 ئۆتۆمبێلێش داغان بوون و زیانی ماددی زۆریان بەرکەوت، هەر ئەمڕۆش بینایهكی تهواونهكراو له گهڕهكی وهحدهی كهركوک رووخا و له ئهنجامدا كرێكارێک گیانی لهدهستدا و حهوتی دیکەش بریندارن.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری