دیمەنێکی تەرزەبارینەکەی چەند رۆژی رابردووی دەڤەری راپەڕین - وێنە؛ بۆ 964 نێردراوە
دەبێتە باوبۆران و وریا بن
تەرزە و بارانی بەخوڕ بەڕێوەیە و ئۆتۆمبێلەکانتان داپۆشن
964+
شۆڕش قادری
تەرزە و باوبۆرانی بەهێز بەڕێوەیە، ئۆتۆمبێلەکانتان داپۆشن و تا بۆتان دەکرێت خۆ لە شوێنی قەرەباڵغ و ناوچە شاخاوییەکان مەدەن.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ سێشەممە 28.4.2026 بارانبارین لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان بەم شێوەیەی خوارەوە دەستپێدەکاتەوە.
لە سەنتەری پارێزگای هەولێر ئەگەری بارانبارین هەیە لە کاتەکانی نیوەڕۆ و دوای نیوەڕۆ، لە ناوچە شاخاوییەکانی ئیدارەی سۆران بارانبارینی بەلێزمە دەبێت و لە هەندێ کاتدا هەورە تریشقەی لەگەڵ دەبێت، شەپۆلەکە بەشێک لە دەشتاییەکانیش دەگرێتەوە.
لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بارانبارین کەمتر دەبێت، بارانەکە زیاتر دوای نیوەڕۆ و بەشێوەی نمە بارانی پچڕپچڕ دەبێت.
لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و کەرکوک لە هەندێ کاتدا بارانبارین و هەورە تریشقە دەبێت، ناوچەکانی باشووری پارێزگای سلێمانی دابارینی زیاتر دەبێت، هەندێ کات لێزمەباران دەبێت و لەگەڵ ئەگەری تەرزە بارین.
لە ئێوارەدا ناسەقامگیری کەشوهەوا لە بەشێک لە ئیدارەی گەرمیان زیاد دەبێت، بارانبارین بەشێوەی لێزمەبارانی بەردەوام و هەورە تریشقە دەبێت و زۆربەی ناوچەکانی گەرمیان دەگرێتەوە، خێرایی با بۆ سەروو 25 کم لە کاتژمێرێک زیاد دەبێت لە هەندێک شوێن و کاتدا، ئەگەری تەرزەبارین و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاویش لەئارادایە.
بۆ سبەی چوارشەممەش بارانبارین بەردەوام دەبێت، لە هەندێک شوێن بارانی بەخوڕ دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان زیادتر دەبێت.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بەپلەی سیلیزی بۆ ئەمڕۆ:
هەولێر: 23 پلەی سیلیزی
پیرمام: 19 پلەی سیلیزی
سۆران: 22 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 15 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 23 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 24 پلەی سیلیزی
دهۆک: 24 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 25 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 22 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 24 پلەی سیلیزی