دیمەنێک لە یاریی هەولێر و تەڵەبە
خولی ئەستێرەکانی عێراق
هەولێر و دهۆک سەرکەوتنی گرنگیان بەدەستهێنا و نەورۆز و زاخۆش یەکسان بوون
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
لە گەڕی 31ی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە تۆپی پێ، ئەمڕۆ یانەکانی کوردستان ئەنجامی باشیان بەدەستهێنا و هەولێریش رکابەری لەسەر نازناوەکە دەکات.
یانەی هەولێر لە یارییەکی بەهێزدا بە ئەنجامی 3-2 گۆڵ لە یانەی تەڵەبەی بردەوە و یارییەکە ئەمشەو لە بەغدا لە یاریگەی مەدینە کرا، گۆڵەکانی یانەی هەولێر هەریەکە لە مایکۆڵ گابرێل و کریستیان بارکۆ و شێرزود تێمیرۆڤ تۆماریان کرد، گۆڵەکانی تەڵەبە عەلا عەبدولزەهرە و ماساۆڤا تۆماریان کرد.
هەولێر بووە 63 خاڵ و لە پلەی سێیەمە و یەک خاڵ لە شوڕتەی خاوەن پلەی دووەم و 8 خاڵیش لە جەوییەی یەکەمی ریزبەندی دوورە.
لە یارییەکی تردا یانەی دهۆک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە 2-1 گۆڵ لە یانەی نەجەفی بردەوە.
گۆڵەکانی دهۆک پیتەر گۆرگیس و ژیار ئیبراهیم تۆماریان کرد، گۆڵی نەجەف ئەیمەن لوئەی تۆماری کرد.
لای خۆیەوە یانەی نەورۆز لە سلێمانی ئەنجامێکی باشی تۆمار کرد و بە 1-1 گۆڵ لەگەڵ یانەی قوەی جەوییەی پێشەنگی خولەکە یەکسان بوو.
گۆڵی نەورۆز یاریزان مارسیک تۆماری کرد و گۆڵی تیپی بەرامبەر موهەننەد ئەبوتەها تۆماری کرد.
هەروەها یانەی زاخۆ خاڵێکی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لە بەغدا بە گۆڵێک لەگەڵ یانەی نەفت یەکسان بوو.
گۆڵی زاخۆ ئاسۆ رۆستەم تۆماری کرد و گۆڵەکەی یانەی نەفت ئامادۆ مۆتاری تۆماری کرد.