شاخی گۆیژە _ وێنە: لە رێکخراوی CDO وەرگیراوە
"ناکرێ هەر ئێمە بیپارێزین"
رێکخراوی CDO گومان لە ئاگرەکەی شاخی گۆیژە دەکات
ئەحمەد مستەفا
رێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت ناسراو بە CDO لە سلێمانی دەڵێت، لە ماوەی یەک کاتژمێردا رەنجی پێنج ساڵ سەوزکردنی بەشێک لە شاخی گۆیژەمان سووتا و گومانی هەیە و داوای لێکۆڵینەوە دەکات.
ئەو بەشەی شاخی گۆیژە، کۆمپانیای ئاسیاسێڵ پاڵپشتی دارایی دەکات تا زیاتر سەوز بکرێ و داری تێدا بچێندرێ، قایمقامیەت و ژینگەپارێزانی شارەکە و ژمارەیەک رێکخراو کاریان تێدا کردووە، بەڵام بەیانی ئەمڕۆ هەواڵ هات کە ئاگری گرتووە و رووبەرێکی زۆر و ژمارەیەک دار بروشکی ئاگریان بەرکەوتووە یان سووتاون.
ئەمڕۆ هەینی رێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەشێک لە پرۆژەی سەوزکردنی شاخی گۆیژە سووتا کە رێکخراوی CDO بە بودجەی کۆمپانیای ئاسیاسێڵ، پێنج ساڵە سەرقاڵی جێبەجێکردنیەتی.
رێکخراوەکە دەڵێت، ئەم سوتاندنە پرسیاری زۆر دروست دەکات، چونکە لەم کەشوهەوا ساردەدا و لەبەرەبەیان گەشتیار لە سەر شاخی گۆیژە بوونی نیە، ئاگرکەوتنەوە لەو بەشەی کە زۆرترین نەمامی گەورەی تێدایە تێڕامان و جێگەی هەڵوەستە کردنە و ناکرێت بێ لێکۆڵینەوە بوترێت هۆکارەکەی کەمتەرخەمی گەشتیارانە.
ئەو رێخکراوە داواشی کردووە، لایەنی پەیوەندیدار لێکۆڵینەوەی تەواو بکات و ئەنجامەکەشی بۆ رای گشتی بڵاوبکاتەوە، بە وتەی خۆی ناکرێت بەرهەمی پێنج ساڵ کارکردن بە کاتژمێرێک لەدەست بچێت، ناکرێت ئێمە ئەرکی سەوزکردن بگرینە ئەستۆو لەهەمان کاتیش ئەرکی پاراستنیش هەرلە ئەستۆی ئێمە بێت.
ئەوە لە کاتێکدا پڕۆژەکە، ئاگربڕی تەواوی بۆ کراوە، ئەو هەنگاوانە گیراونەتە بەر کە پێویستن بۆ نەگەیشتنی ئاگر لەسەر شاخی گۆیژەوە بۆ ناو پڕۆژەکە و بڵاوبونەوەی تێیدا، هەرئەمەش وایکردوە کە ئاگرەکە بە تەواوی هەموو پرۆژەکە نەسوتێنێت.
دیمەنی سوتانی شاخی گۆیژە؛