دیمەنی ئۆپراسیۆنی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر چەکدارەکان _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
لە ناحیەی شوان
دەزگای ئاسایش بۆ 964: کارمەندێکمان شەهید بوو
964+
ئەحمەد مستەفا
کارمەندێکی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایش لە سنووری ناحیەی شوان شەهید بوو، ئەوەش پاش ئەوەی شەوی رابردوو تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، هێزێکی هاوبەشی، ئاسایش، کۆماندۆ و دژە تیرۆر رووبەری ژمارەیەک چەکداری رێکخراوی داعش ببوونەوە.
نزیک کاتژمێر 10:00ـى ئەمشەو بوو، دوو فڕۆکەى جەنگى چوار جار بۆردوومانی زنجیرە چیای خاڵخاڵانیان لە نێوان ناحیەی تەق تەقی سەر بە قەزاى کۆیە و ناحیەی شوانى کەرکوک کرد، هەواڵ هات و زانرا چەکدار دزەیان کردووەتەوە ناوچەکە.
سەلام عەبدولخالق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی بە 964ی وت، لەگەڵ بوونی زانیاری ورد و هەبوونی ژمارەیەک چەکدار، هێزەکانی ئۆپراسیۆنی دەزگای ئاسایش بە هاوبەشی چوونەتە ناحیەی شوان، بەڵام کارمەندێکمان لە ئۆپراسیۆنەکەدا شەهید بووە.
ئۆپراسیۆنە زەمینییەکە، بە پاڵپشتی ئاسمانی ئەنجامدراوە و وەزارەتی بەرگری عێراق، ژووری ئۆپراسیۆنی کەرکوک و هێزەکانی هاوپەیمانان ئاگاداربوون، بە گوێرەی سۆراغی 964، ئەو ژمارە چەکدارەی داعش کە دزەیان کردبووە ناوچەکە سەرجەمیان لە زەمین و ئاسمانەوە هێرش کراوەتە سەریان و کوژراون.
بەرپرسانی ئەمنی هەرێمی کوردستان و عێراق، بوونی بۆشایی ئەمنی بە دزەکردنی ئەو چەکدارانە بەهۆکار دەهێننەوە، لەم ماوەدا ئەمە یەکەمجار نییە چەکدار دزە دەکات، رۆژی 14.7.2024 دوو چەکداری داعش کە دەزیان کردبووە ناوچەی قەرەهەنجیر، لەگەڵ هێزێکی ئاسایش رووبەڕو بوونەوە، یەکێک لە چەکدارەکان کوژراو و ئەوەی دیکەیان بە برینداری ئاسایش گرتی، بەڵام کارمەندێکی ئاسایش شەهید بوو و یەکێکی دیکەش بریندار.