فڕۆکەی F16 لێیدان

شەش چەکداری داعش لە سەڵاحەدین کوژران

شۆڕش قادری

لە هێرشێکی سوپای عێراق بۆ سەر حەشارگەیەکی داعش لە پارێزگای سەڵاحەدین، شەش چەکداری رێکخراوکە کوژران.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی سوپای عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، “لە هەڵمەتی بەدواداچوون بۆ لەناوبردنی شانە نوستووەکانی داعش، دوای بەدەستهێنانی هەواڵگریی ورد، شەش چەکداری ئەو گرووپە تیرۆرسیتییە لە ناوچەی ئەلعەیس لە پارێزگای سەڵاحەدین کوژران”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، فڕۆکە F16 بۆردومانی حەشارگەیەکی لەو ناوچەیە کردووە کە شەش چەکداری داعشی تێدابووە و هەر شەشیان کوژراون.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی سوپای عێراق دەشڵێت، بەردەوام دەبن لە تۆڵەسەندنەوەی دادپەروەرانە و لەناوبردنی پاشماوە و شانە نوستووەکانی داعش.