ئاو زۆرە و ساڵ ساڵى برنجە

لە دەشتى هەریر جوتیاران دەستیان بە چاندنی برنجە بەناوبانگەکەیان کرد


ئاکام غەفور- دەشتى هەریر

ئاوە زۆرەکەی ئەمساڵ، ژیانی بە بەر کانی و سەرچاوە ئاوییەکاندا کردەوە و ئەوەش بە کەیفى جوتیارانە. ئێستا، لە دەشتی پانوپۆڕی هەریر، وەرزی داچاندنى برنجە و جوتیاران خۆیان سەرقاڵکردووە.
لەو دەشتەدا، جوتیاران قۆڵیان لێ هەڵماڵیوە، زەوییەکان دەکەنە گۆلاو و بە دڵخۆشییەوە سەرقاڵی داچاندنی برنجن.

ئەوان دەست و قاچیان لەناو قوڕ و ئاودایە، بەڵام دڵیان ئارامە و بەکەیفن، سیروان تەحسین، یەکێک لەو جوتیارانەیە کە قۆڵى لێهەڵماڵیوە و سەرقاڵى دروستکردنى گۆلە، هەر بەدەم کارەوە قسەى بۆ 964 کرد و وتى،” ساڵی رابردوو وشکەساڵی رەنجی بەخەسار داین، بەڵام ئەمساڵ سروشت لەگەڵمان ئاشت بووەتەوە و بە دڵی خۆمان زەوییەکانیان دەچێنن”.
ئەو برنجەى لەوێ دەچێندرێت، تام و بۆنی کوردەوارى لێدێت، چونکە هەردوو جۆرى برنجى (کوردى و سەدرى)، کە دوو جۆر برنجى پڕبۆنن، دەشتەکە سەوز دەکەن و جوتیاران بەهیوان لە پایزدا بەرهەمێکى زۆرى لێ هەڵبگرنەوە و بازاڕ و خوانى ماڵەکان بە بۆنەکەیان ئاوەدان بکەنەوەز

پێداچوونەوە: وریا فەتاح