لە رومادی

ئۆتۆمبێلێک وەرگەڕا و سێ خوێندکاری تێدا سووتان

شۆڕش قادری

لە سەر رێگای رومادی لە پارێزگای ئەنبار، ئۆتۆمبێلێک بە چوار سەرنشینەوە وەرگەڕا و  ئاگری گرت، تێیدا سێ خوێندکار سووتان و گیانیان لەدەستدا.

ئەحمەد عەلی جبوری بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتوچۆی ئەنبار بە 964ـی وت، “لە سەر رێگای رومادی و لە ناوچەی حامزیە، ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری نیسان سەنی بە چوار سەرنشینەوە وەرگەڕاوە و دواتر گڕی گرتووە”.

“لە رووداوەکەدا سێ خوێندکاری پەیمانگای تەکنیکی سەقڵاویە بە ناوەکانی ئەیاد سەبار، محەمەد ئەنوەر وەهیب و محەمەد خالد ئەحمەد سووتان و گیانیان لەدەستدا”، عەلی جبوری وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە رووداوەکەدا شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بەناوی محەمەد سەلمان مەحمود رزگاری بووە، بەڵام بە سەختی بریندار بووە و لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی گشتی رومادی لەژێر چاودێری پزیشکی دایە.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتوچۆی ئەنبار هۆکاری رووداوەکەی بۆ خێرایی ئۆتۆمبێلەکە گەڕاندەوە و وتیشی، ئوتۆمبێلەکە بە تەواوەتی سووتاوە.