کوردن

خواردنیان لێ بڕاوە؛ کارمەندانی تەندروستیی خورماتوو و چەمچەماڵ لە تکریت مانگرتنیان راگەیاند

964+

سیروان خورشید – خورماتوو

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، بەهۆی بڕینی بەشەخۆراکی رۆژانەیان، کارمەندانی تەندروستیی نەخۆشخانەی گشتیی تکریت کە خەڵکی خورماتوو و چەمچەماڵن، لە بەردەم نەخۆشخانەکە گردبوونەوە و داوای بەهاناوەچوون دەکەن.

مستەفا مورشد، یەکێک لە کارمەندە مانگرتووەکان کە خەڵکی خورماتووە و رۆژانە هاتوچۆی تکریت دەکات، بە 964ـی وت، “سەرباری ماندوێتی و مەترسییەکانی رێگای نێوان خورماتوو و تکریت کە رۆژانە چەند کاتژمێرێک بەڕێوەین، ئێستا ئیدارەی نەخۆشخانەکە تەنانەت خواردنی رۆژانەشی لێ بڕیوین”.

وتیشی، ئیدارەی نەخۆشخانەکە بە بیانووی نەبوونی بودجەوە دابینکردنی خواردنی بۆ کارمەندان راگرتووە، ئەمەش ناڕەزاییەکی زۆری دروستکردووە، چونکە کارمەندانی دەرەوەی شارەکە ناچارن بەشێکی زۆری مووچەکانیان تەرخان بکەن بۆ کرێی رێگا و کڕینی خواردن.

ئەو کارمەندانە داواکارن ئیدارەی نەخۆشخانەکە بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە و چیتر باری سەرشانی ئەو توێژە قورس نەکات کە شەونخوونی بۆ خزمەتی هاوڵاتیان دەکەن.

لە بەرامبەردا، یاسین محەمەد، سەرۆکی لیژنەی تەندروستیی سەڵاحەدین بە 964ـی وت، “بە وردی لە کێشە و داواکارییەکانیان تێدەگەین و پشتیوانییان دەکەین، داواکارییەکانیانمان گەیاندووەتە سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا”.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەنجومەن بەڵێنی بەدواداچوونی جدی داوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، ئەوانیش لە هەموو قۆناغەکاندا لەگەڵیان دەبن تا ئەو کاتەی دەگەنە ئەنجام و مافەکانیان بۆ دەگەڕێتەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح