جامی کوردستان .. باتیفا دەبێتە قوربانی بەفر
+964
ئاسۆ وەرتی ـــ سۆران
بەفربارین یاری نێوان یانەی سنوور و باتیفای لە جامی پلە دووی کوردستان دواخست بۆ کاتێکی تر.
بڕیاربوو ئەمڕۆ یەکشەممە 29ـی کانونی دووەم، لە چوارچێوەی جامی کوردستان، لەسەر یاریگەی یانەی وەرزشی سۆران، هەردوو یانەی سنوور و باتیفا یاری بکەن، بەڵام دوای ئەوەی یاریزانانی هەردوو تیم دابەزینە ناو یاریگا، ناوبژیوان یاریەکەی دواخست بەهۆی ئەوەی چیمەنی یاریگاکە بە تەواوەتی بەفر دایپۆشی بوو.
نەوزادعلی، راهێنەری یانەی باتیفا لە لێدوانێکدا بە تۆڕی964 راگەیاند: غەدریان لێمان کرد، دەکرا زووتر پێمان بڵێن، چونکە رێگەی هەشت کاتژمێرمان بڕیوە.
زیاتر وتی “دەبوو یەکێتی تۆپی پێ چاودێری رەوشی کەشوهەوای بکردایە، بۆئەوەی بزانن ئەگەر کەشوهەوا لەبار نەبێ یاری نەکەین، چونکە دوو رۆژە لێرەین و خورجی زۆرمان کردووە”.
یانەی باتیفا، دەکەوێتە قەزای باتیفای سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و بە ئۆتۆمبێل رێگەکەی سێ کاتژمێر و 30 خولەکە، کە دەکاتە 233 کیلۆمەتر.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی964، وابڕیاره سبەی یاریەکە لەنێو یاریگای یانەی وەرزشی شەقڵاوە، کاتژمێر یەکی نیوەڕۆ بەڕێوەبچێت، ئەمەش یانەی باتیفای ناچار کرد لە سۆرانەوە گەشتی شەقڵاوە بکەن و ئەمشەو لەوێ بمێننەوە تاوەکو سبەی دووشەممە یارییەکە ئەنجام بدەن.