لە کەرکوک

“فرۆشتنی کارت و سیمکارتی کۆڕەک وەستاوە”


کاروان ساڵحی – کەرکوک

لەدوای بڕیاری دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق بە داخستنی چەند لقێکی سەرەکی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە چەند پارێزگایەکی عێراق، فرۆشتنی کارت و سیمکارتی کۆڕەک لەکەرکوک بەشێوەیەکی بەرچاوی کەمی کردووە، فرۆشگەکان دەڵی وەستاوە.

بەپێی وتەی چەند دوکاندارێک، ماوەی چوار ساڵە سیم کارتی کۆڕەک فرۆشتنی قەدەغەکراوە بە بڕیاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراقی و لەوەتی نوسینگەکانیشیان داخراوە و هەواڵ هەیە بەیەکجاری کۆمپانیاکە دابنخرێ، فرۆشتنی کارتیش وەستاوە یان کەمی کردووە.

هێمن فۆن خاوەن دوکانی فرۆشتنی سیمکارتە لە ناو بازاڕی رەحیماوەی کەرکوک بە 964ـی وت، نەک تەنیا سیمکارت بەڵکو کارتی باڵانسیشی بەهەمان شێوە لاواز بووە، ئەوەش دوای ئەوەی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان هێڵی ئینتەرنێتی کۆڕەکی راگرت، ئێستا هاوڵاتی روو لە کڕینی سیمکارتی کۆمپانیاکانی دیکە دەکات.

کێشەی نێوان کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم و دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق (CMC) کێشەیەکی نوێ نییە، بنەڕەتی بەشێک لە ناکۆکییەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2007 و لەو کاتەوە تا ئێستا کێشەکە بە هۆی بابەتی دارایی، یاسایی، تەکنیکی.

لە ماوەی ئەم ساڵانەدا، کێشەکە کاریگەری لەسەر خزمەتگوزارییەکانی کۆڕەک و بە تایبەتی پەیوەندیی نێوان کۆڕەک و تۆڕەکانی دیکەی عێراق داناوە، کۆڕەک دەڵێت ئەو ساڵە دەبوو شوێنی کۆمپانیای «عێراقونا» بگرێتەوە. ئەو کۆمپانیایە نزیکەی 3 ملیۆن بەشداربووی هەبوو و کۆدی 0790ی بەکار دەهێنا.

بە پێی ڕوونکردنەوەی کۆڕەک، ئەو بەشداربووانە دواتر بە کۆمپانیای زەین دراون، و ئەمەش بووەتە یەکێک لە بنەماکانی ناکۆکیی نێوان کۆڕەک و دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق.

دواتر، لە 1ی تشرینی دووەمی 2023، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق بڕیاری راگرتنی پەیوەندیی کۆڕەک لەگەڵ هەندێک تۆڕی دیکەی عێراق دا، هۆکاری راگەیەندراویش، کەڵەکەبوونی قەرز و پابەندنەبوونی کۆمپانیابووە بە پابەندییە داراییەکان، وەک دەستەکە ئاماژەی بۆ کردووە.