کۆیە

52 ساڵە دارەکانی دووسایدی ئیسکان بوونەتە سیمبولی شارەکە

+964

گۆڤەند فەتاح – کۆیە

دارەکانی دووسایدی ئیسکان کە لە ساڵی 1972ەوە لە لایەن عەلی بەهاری، قایمقامی ئەوکاتی قەزای کۆیە چێندراون، تا ئێستاش زۆربەیان ماون و بووەتە هێما و سیمبولێکی قەزای کۆیە.

ئێستا باڵا و درێژی دارەکان لە بەرزی ئاسمانن و کە درێژی بەرزترینییان دەگاتە زیاتر لە 10 مەتر، ئەوەندە تەمەنیان هەیە، بە جۆرێک زۆربەی جار بە هۆی رەشەبا و زۆری تەمەنیان لقەکانی دەشکێت.

قایمقامی ئەوکاتی قەزای کۆیە، گرنگییەکی تایبەتی بەو دارانە داوە، بە جۆرێک زۆرجار بە دەستی خۆی ئاوی دەدان بۆ ئەوەی خەڵک تێبگەن کە ئەم دارانە گرنگن و دەبێ بپارێزرێن.

ئیحسان عەلی بەهاری، کوڕی قایمقامی ئەوکاتی قەزای کۆیە، بە 964ی وت، باوکم ئەو دارانەی زۆر لا خۆشەویست بوون، سزای بۆ شکاندنی هەر دارێک چاندنی 10 دار، یان کڕینی 10 گڵۆپ بوو بۆ رووناکردنەوەی شەقامەکە.

وتیشی، “ئەوکات کە باوکم دەبینی بە دەستی خۆی دارەکانی ئاو دەدا، تێندەگەیشتم بۆچی قایمقام دەبێ ئەوکارە بکات، لە کاتێکدا کارمەندی بەلەدیە لەوێ هەبوون، تا خۆم پرسیارم لێکرد و وتی، بۆیە ئەوە دەکەم تا خەڵک بزانن من چەند ئەو دارانەم خۆشدەوێن و چەند گرنگە لام ئەم دارانە گەورەبن”.

ئەوکاتەی دارەکان چێندراون درێژیان نزیکەی مەترێک بوو، دارەکان لە بەردەم بازگەی تۆپزاواوە بۆ نزیک قشڵەی کۆیەن بە درێژایی دوو کیلۆمەتر شەقامەكەیان رازاندووەتەوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

شارەوانیی كۆیە چەند شوێنێك بەكرێ دەدات

شارەوانیی كۆیە چەند شوێنێك بەكرێ دەدات