جوتیاران زۆر باش لێى تێدەگەن

گەلاوێژ کەوت؛ گەرما پشتى دەشکێت و شەوگار درێژ دەبێت

فەرمان مەلاحەسەن- راپەڕین

بەپێى ئەزمون و تێفکرینى جوتیاران، لە پێنجی مانگی ئابەوە ئەستێرەی گەلاوێژ دەکەوێت و ئیدی کەشوهەوا بە هێواشی بەرەو فێنکبوونەوە دەڕوات و شەوانیش درێژتر و فێنکتر دەبن.

حاجی عەباس، جوتیارێکی دنیادیدەیە لە دەشتی بیتوێن و چل ساڵە سەروکاری لەگەڵ کشتوکاڵدایە. ئەو دەڵێت، هەرچەندە دە رۆژ پێش کەوتنی گەلاوێژ گەرما دەگاتە لوتکە، بەڵام لە دوای 15 بۆ 20ـی مانگەوە گەرما بەتەواوی پشتی دەشکێت.

ئەو جوتیارە ئاماژە بە نیشانەیەکی سروشتیش دەکات و دەڵێت؛ دەرکەوتنی باڵندەی پەپوو سلێمانە لە دەشتەکاندا کە پێشتر لە کوێستانەکان بووە، موژدەبەخشی کەوتنی گەلاوێژە، دەشڵێت: دوێنێ پەپوو سلێمانەى بینیوە.

هەروەها نیشتنی ئاونگ لەسەر گیا لە بەرەبەیاندا، نیشانەیەکی دیکەیە بۆ جوتیاران، تا بزانن تینوێتی زەوی شکاوە و لەمەودوا رێژەی ئاودانی کێڵگەکانیان کەم دەکەنەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح