جیاوازییەکە بە ژمارە

نرخی 20 لیتر بەنزین نزیکەی 15 هەزار دینار چووەتە سەر.


ئەحمەد شەمزین- هەولێر

دوای سەرهەڵدانی قەیرانی سووتەمەنی، نرخی بەنزین بەگشتی و بەتایبەت جۆری “سوپەر” لە شاری هەولێر بەرزبوونەوەیەکی پێوانەیی بەخۆیەوە بینیوە و بارگرانییەکی گەورەی بۆ سەر شۆفێران دروستکردووە.
بەپێی بەدواداچوونەکانى پەیامنێرى 964، پێش دروستبوونی قەیرانەکە نرخی یەک لیتر بەنزینی سوپەر لە بازاڕەکاندا لە دەوروبەری 1,200 دینار بوو، بەڵام ئەمڕۆ نرخەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 1,950 دینار بۆ هەر لیترێک.
بۆ تێگەیشتن لە قەبارەی گرانبوونەکە، پێش قەیرانەکە شۆفێرێک بە بڕی 23 هەزار دینار دەیتوانی دەبەیەکی 20 لیتری بەتەواوی لە بەنزینی سوپەر پڕ بکات، بەڵام لە ئێستادا بەو 23 هەزار دینارە، تەنیا دەتوانێت نزیکەی 12 لیتر بەنزین بکڕێت.
ئەگەر لەمڕۆدا شۆفێرێک بیەوێت هەمان دەبەی 20 لیتری پڕ بکات، پێویستی بە 39 هەزار دینارە، ئەمەش بەو واتایە دێت کە تێچووی کڕینی هەر 20 لیترێک بەنزینی سوپەر، نزیکەی 15 هەزار دیناری هاتووەتەسەر و جیاوازییەکەیەتی بەراورد بە کاتی پێش قەیرانەکە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح