دابەستەن

گۆشتفرۆشێكی سلێمانی نرخی گۆشتی خۆماڵى کرد بە 10 هەزار دینار

964+

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

ماوەی هەفتەیەك دەبێت، یەكێك لە گۆشتفرۆشەكان كە دوکانەکەى دەكەوێتە گەڕەكی چوارباخی سلێمانی، نرخی گۆشتی دابەزاندووە و خاوەنەكەی دەڵێت، “لە بەرژەوەندی خەڵكی سلێمانی، گۆشتی سوورمان هەرزان کردووە.”

محەمەد عەلادین، خاوەنی دوكانەكەیە خەڵكی موسڵە، بەڵام بە كوردییەكی رەوان قسەی بۆ 964 كردووە و وتی، “بڕیارمان داوە نەهێڵین خەڵكی هەژار موحتاج بێت، ئێمە لەبەرژەوەندی خەڵكی سلێمانی گۆشتمان هەرزانكردووە و هەر كیلۆیەك بە 10هەزار دینار دەفرۆشین”.

لەبارەی گۆشتەكەیانەوە وتی، گۆشتەكەمان خۆماڵییە و ئاژەڵەكانمان دابەستەی خۆمانن، لە قەسابخانەی سلێمانی لەژێر چاودێری تەندروستی سلێمانی سەر دەبڕدرێن.

ئەو گۆشتفرۆشە باسی لەوەشكرد، لەدوای هەرزانكردنی نرخی گۆشت خەڵكێكی زۆر روویان تێدەکات و زۆریش رازین لەگۆشتەكە، لەكاتژمێر دووی دوا نیوەڕۆوە گۆشتیان نامێنێت، رۆژانەش چوار سەر ئاژەڵی گەورە لە دوكانەكەیاندا دەفرۆشرێت.

دابەستە بەو ئاژەڵە دەوترێت کە بەمەبەستى سەربڕین بەخێو دەکرێت و ئالیک و خواردنى زۆرى پێدەدرێت بۆ ئەوەى قەڵەو ببێت و ئامادەبێت بۆ سەربڕین.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

گۆشتفرۆشێک لە شارەزوور سێ هەزار دینار نرخی دابەزاند

گۆشتفرۆشێک لە شارەزوور سێ هەزار دینار نرخی دابەزاند