بۆ گژوگیا چووبوونە چیای کوڕەژارۆ
“شەش گەنجی شیلادزێ لەلایەن سەربازانی تورکیاوە ئەشکەنجە دران”
شۆڕش قادری
“شەش گەنجی شیلادزێ کە بۆ کۆکردنەوەی گژوگیا چووبوونە چیای کوڕەژارۆ، لەلایەن سەربازانی تورکیاوە گیران و دوای رۆژێک لە لێدان و ئەشکەنجەدانیان، رەوانەی ماڵەوە کرانەوە”، ئەمە قسەی کامەران عوسمان ئەندامی رێکخراوی سی پی تی ئەمریکییە لە کوردستان و عێراق.
کامەران عوسمان چەند وێنەیەکی پشت و سنگی ئەو گەنجانەی بڵاوکردووتەوە کە لێیان دراوە و نووسیویەتی، “سەر لە بەیانی رۆژی چوارشەممە 1.7.2026 شەش گەنجی شارەدێی شیلادزێی سەر بە قەزای ئامێدی، بۆ کۆکردنەوەی گژوگیای خۆڕسک روودەکەنە گوندەکانی (بێسەپێ و کوکەرێ) لە نزیک چیای کوڕەژارۆ لە پشتی شیلادزێ، لە کاتێکدا کە بە ڕێگاوەن بۆ ئەم گوندانە، دەکەونە ناو کەمینێکی سەربازانی تورکیا و دەستگیردەکرێن”.
“سەربازانی تورکیا بە قۆنداغی تفەنگ و شەق و زلـلە لەو گەنجانە دەدەن و دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر، ئەمڕۆ ڕێگەیان دەدەن کە بگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە و پێیان دەڵێن، ئەگەر جارێکی تر بگەڕێنەوە بۆ ئەم شوێنە، ئەوا ژیان بە چاوی خۆتان نابیننەوە و دەتان کوژین”، کامەران عوسمان وادەڵێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەربازانی تورکیا تەنانەت بەزییان بەو وەڵاخ و ئێسترانەشدا نەهاتووە کە بە گەنجەکان بوون و بە قۆنداغی تفەنگ و بەرد لێیاندوان و جەستەیانیان، خەڵتانی خوێنکردووە.
شارەدێی شیلادزێ، یەکێکە لەو شوێنانەی کە لە ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، سەرچاوەی بژێوی ژیانی زۆربەی خەڵکەی ناوچەکە لەسەر کۆکردنەوەی گیا بەهارییەکان و کشتوکاڵە.