لە دوێنێ عەسرەوە دەسووتێت
ئاگرەکە چیاى ئاوگردى بەردەوامە و پەڕیوەتەوە سناوە
964+
وریا فەتاح
ئاگر هەرچى پووش و پاوان و دارەکانى چیاى ئاوگردى سنوورى گوندى سماقوڵى گرتک بوو سووتاندى دواتر پەڕیەوە دیوى سناوە لە ناحیەى سکتان، بەرگرى شارستانى کۆیەش دەڵێت، داوایان لە سەرووى خۆیان کردووە کۆپتەر بنێرن.
“لە دوێنێ عەسرەوە ئاگرێکى گەورە لە چیاى ئاوەگرد لە سنوورى سماقوڵى گرتک کەوتووەتەوە، درەنگانێکى شەوى رابردوو هەرچى پوش و پاوان و دارستانى چیاکە بوو سووتا، ئێستا ئاگرەکە چووەتە ئەودیوى شاخەکە کە بە سناوە ناسراوە و دەکەوێتە سنوورى ناحیەى سکتان”، هێمن حاجى مستەفا، موختارى گوندى سماقوڵ ئەم بەیانییە واى بە 964 وت.
ئاگرێکى گەورە لە چیاى ئاوەگرد کەوتووەتەوە
وەک باسى دەکات، ئاگر لە سنوورى گوندەکەیان نەماوە و ئێستا تەنیا دووکەڵ دەبینن ئەویش لە پشتى چیاى ئاوگرد.
هەر ئێوارەى دوێنێ ئەنجومەنى گوندى سماقوڵى گرتک لە رێى 964ـەوە داواى بەهاناوەچوونى کرد و وتى کوژاندنەوەى لە تواناى خەڵکدا نەماوە و پێویستى بە کۆپتەرە، ئەم بەیانییەش گۆران ئەحمەد سماقەیی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کۆیە هەمان شتى بە 964 وت و جەختیکردەوە کە ئاگرەکە لەوەدا نەماوە بە دەست بکوژێنرێتەوە و پێویستى بە کۆپتەرە.
هەروەک باسى کرد، داوایان لەسەروى خۆیان کردووە کۆپتەر بنێرن.
وەک گۆران ئەحمەد بۆ 964 باسى دەکات، ئاگرەکە هەزاران دۆنم پووش و پاوان و دارستانى سووتاندووە کە زۆربەى دارەکان دارى چرۆ و بەڕوون.
لەبارەى ئەوەى بۆچى تیمەکانى بەرگرى شارستانى ناتوانن کۆنتڕۆڵى بکەن، بەڕێوەبەرى بەرگرى شارستانى کۆیە وتى،”شاخەکە بەرزە و هەر کەسێک بچێتە سەرەوە سێ بۆ چوار کاتژمێرى پێدەچێت و ئەو وزەیەى پێى دەبێت لە رێگاکە خەرجى دەکات، جگە لەوە ناوچەیەکى مینڕێژکراوە و مەترسى زۆرى هەیە”.
چیاى ئاوەگرد دەکەوێتە دۆڵى سماقوڵى و ئەو شوێنەشى ئاگرەکەى لێ کەوتووەتەوە دەکەوێتە سنوورى گوندى سماقوڵى گرتک لە قەزاى کۆیە.