"دووانی دیکەش دادەنرێن"

لەناو بازاڕی رانیە سیستمی ئاگرکوژێنەوەی جێگیر دانرا

964+

ژووری هەواڵ

لەناو بازاڕی رانیە، سیستەمی ئاگرکوژێنەوەی جێگیر دانرا، لەو بەشەی بازاڕەکە هەرکات ئاگر بکەوێتەوە پێویست بە چوونی ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە ناکات و بەو سیستەمە کۆنترۆڵی دەکەن.

ئەمڕۆ هەینی 30.8.2024، بەرگریی شارستانیی راپەڕین رایگەیاند، سیستەمی ئاگرکوژاندنەوەی جێگیر لەناو بازاڕی رانیە دانرا و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ئیدارەکە کاری دامەزراندنەکەی بۆ ئەنجامدرا.

حوسێن مەحمود، قایمقامی رانیە بە 964ـی راگەیاند، سیستمەکە پێکهاتووە لە دوو ئامێری هەڵدانی ئاو، نزیکەی 400 مەتر لە دەوروبەری لێی سوودمەند دەبن.

سیستمەکە بۆ ئەو دوکانانەیە کە لە بانکی رانیە تا مزگەوتی گەورەی قەزاکە هەڵکەوتوون.

“بڕیارە لە نزیک سەرقولەش دوو ئامێری دیکەی هەڵدانی ئاو جێگیر بکرێن، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕینیش بەڵێنیداوە دوو دانەی دیکەش دابین بکات”، قایمقامی رانیە وای وت.

بەرگریی شارستانیی راپەڕینیش رایگەیاند، ئامانج لە دانانی سیستمەکە “پێدانی سیمایەکی شارستانی و مۆدێرنە بە ناوبازاڕی رانیە، ئێستاش بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو و کارەبا کاری رێکخستنەوەی ئاو و کارەبای ئەو شوێنە دەکەن، بە ئامانجی باشترکردنی خزمەتگوزاری و جوانترکردنی پڕۆژەکە”.

بنگرد و 45 گوندەکەی بنکەی ئاگرکوژێنەوەیان نییە

بنگرد و 45 گوندەکەی بنکەی ئاگرکوژێنەوەیان نییە