وێنە
پارکی خانزاد لە هەولێر؛ 48 ساڵ خزمەت و رووبەرێکی فراوان بۆ پشوودانی هاوڵاتیان
وریا فەتاح
پارکی خانزاد وەک یەکێک لە کۆنترین و دیارترین پارکەکانی شاری هەولێر، پاش چەندین ساڵ لە دامەزراندنی، هێشتا وەک پێگەیەکی گرنگی گەشتیاری و ئارام بۆ هاونیشتمانیان و گەشتیاران ماوەتەوە کە رۆژانە بۆ پشوودان رووی تێدەکەن.
بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی پارک و باخچەکانی هەولێر، ئەم پارکە مێژووییە لە ساڵی 1978 دامەزراوە و رووبەرەکەی 46 هەزار مەتری چوارگۆشەیە، کە نزیکەی 18.5 دۆنم زەوی دەگرێتەوە. پارکی خانزاد کە دەکەوێتە سنووری شارەوانی 1، لە ساڵی 2012دا پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی گشتگیری بۆ ئەنجامدرا تا لەگەڵ گەشەسەندنی شارەکەدا بگونجێت.
ئەم پارکە بەهۆی پێگە جوگرافییەکەیەوە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە کەوتووەتە تەنیشت مزگەوتی ناوداری “جەلیل خەیات” و رێک بەڕامبەر “نەخۆشخانەی کۆماری” لە ناوەندی شاری هەولێر، ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە قەرەباڵغترین و دڵخوازترین ئەو شوێنانەی هاوڵاتیان بۆ بەسەربردنی کاتەکانیان پشتی پێدەبەستن.