دیمەنێک لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە _ وێنە: 964
250 کەسەکە
بۆ دامەزراندنەکەی هەڵەبجە، پێویست ناکات کەسوکاری شەهیدان بچنە پارێزگا
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەڵەبجە ئاگادارییەکی بۆ ئەو کەسانە بڵاوکردەوە کە فۆرمی دامەزراندن بۆ 250 ناوەکەی هەڵەبجە پڕدەکەنەوە و دەڵێت، پێویست ناکات پشتگیرییەکانیان ببەنە بینای پارێزگا.
بەپێی راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئەو کەسوکاری شەهیدانەی بۆ مەبەستی دامەزراندنەکە پشتگیرییان بۆ دەکرێت، تەنیا پێویستە پشتگیرییەکە بە شێوەی (PDF) سکان بکەن و لە کاتی پڕکردنەوەی فۆرمە ئەلیکترۆنییەکەدا لە بەشی بەڵگەنامەکان دایبنێن، بەبێ ئەوەی پێویست بە سەردانی مەیدانی بکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەنجومەنی راژەی گشتی فۆرمی داواکاری بۆ دامەزراندنی 250 کەس بە شێوەی گرێبەست لە فەرمانگەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە بڵاوکردووەتەوە. پڕۆسەکە 32 پسپۆڕیی جیاواز دەگرێتەوە، لە رێکەوتی 10ـی حوزەیرانەوە دەستیپێکردووە و بۆ ماوەی 14 رۆژ بەردەوام دەبێت.
ئەنجومەنی راژە مەرجی داناوە کە پڕکردنەوەی فۆرمەکە تەنیا 1 جار و بۆ 1 پسپۆڕی دەبێت، هەرکەسێک زیاتر لە جارێک فۆرم بنێرێت لە پێشبڕکێی دامەزراندن دووردەخرێتەوە. هەروەها دەبێت کۆی بەڵگەنامەکان لەناو 1 فایلی (PDF) بن و قەبارەکەی لە 100 مێگابایت زیاتر نەبێت و زانیارییەکانیش بە دروستی پڕبکرێنەوە، چونکە دوای ناردنی فۆرمەکە، راستەوخۆ دەچێتە ناو کێبڕکێوە و هیچ بەڵگەنامە و زانیارییەکی نوێ وەرناگیرێت.
بۆ دابەزاندن و پڕکردنەوەی فۆرمەکە، پێشکەشکاران دەتوانن کرتە لەسەر ئەم لینکە بکەن:
https://bit.ly/PSC-hirings