وەزارەت؛ هەموو ئامادەکارییەک کراوە

سەد و 17 هەزار قوتابی دەست بەتاقیکردنەوەی نیشتمانیی دەکەن

ئەحمەد مستەفا

بە فەرمی بەشداریکردنی 117 هەزار و 142 قوتابی لە تاقیکردنەوە کۆتایییەکانی نیشتیمانی (بەکالۆریا) بۆ پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی و بۆ ساڵی خوێندنی 2026 راگەیەندرا، زۆرترین رێژەی بەشداری لە هەولێرە.

ئەو قوتابییانە، بەسەر بەشەکانی زانستی، وێژەیی، پیشەیی، بازرگانی و خوێندنی ئیسلامیدا دابەش بوون و 15ی ئەم مانگە یەکەم تاقیکردنەوە دەستپێ دەکەن.

پەیمان خواجە، وتەبێژی فەرمیی وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند، ئەم پڕۆسە نیشتمانییە لە ناو دوو هەزار و سێ هۆڵی تاقیکردنەوەی جیاوازدا بەڕێوەدەچێ و لە ژێر چاودێریی و سەرپەرشتیی راستەوخۆی 19 هەزار و 403 کەس لە ستافی پەروەردەیی و کارگێڕی.

لەسەر ئاستی دابەشبوونی جوگرافیی داتاکان، پارێزگای هەولێر زۆرترینە لە ژمارەی قوتابیانی بەشداربوو بەبڕی 38 هەزار و 63 قوتابی بەرکەوتووە کە لە ناو 665 هۆڵدا ئەزموونەکان ئەنجام دەدەن, لە دوای ئەویش پارێزگای دهۆک دێت بە 27 هەزار و 266 قوتابی لە ناو 477 هۆڵدا، و پاشان پارێزگای سلێمانی بە 26 هەزار و 563 قوتابی لە ناو 402 هۆڵدا، وە لە پارێزگای هەڵەبجە هەزار و 590 قوتابی لە سێ  ناوەنددا دابەشبوون بەشداری دەکەن.

لەسەر ئاستی ئیدارە سەربەخۆکانیش؛ ئیدارەی زاخۆ 6.918 قوتابی لە 112 هۆڵ، ئیدارەی سۆران 6.398 قوتابی لە 122 هۆڵ، ئیدارەی گەرمیان 5.356 قوتابی لە 92 هۆڵ، و ئیدارەی ڕاپەڕین 4.988 قوتابی لە ناو 95 هۆڵی ئەزموونیدا لە خۆ دەگرێت.

وەزارەتەکە دەڵێ، سەرجەم رێوشوێنە لۆجستی، ئەمنی و پێداویستییە کتوپڕەکان گرتووەتەبەر بۆ دابینکردنی کەشێکی ئارام و لەباری دەروونی بۆ قوتابیان، بە ئامانجی سەرکەوتنی ئەم تاقیکردنەوانە و دوورکەوتنەوە لە هەر جۆرە کێشەیەکی تەکنیکی یان شڵەژانێک لە کاتی هاتوچۆ و دابەشکردنی پرسیارەکاندا.