رفێنەرەکانیش دەستگیر کران
ئەو شۆفێرەی دوێنێ لە رێگای کفری – بەغدا رفێندرابوو ئازاد کرا
+964
توانا نەقی
دوێنی سێشەممە، شۆفێرێک کە خەڵکی قەزای کفری بووە و ئۆتۆمبێلێکی تاهۆی پێبووە، لە رێگای نێوان کفری – بەغدا لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە رفێندرابوو، ئێستا ئازاد کراوە و ئەو کەسانەش دەستگیر کراون کە رفاندوویانە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، هێزێکی ئاسایشی نیشتمانی عێراق توانیویەتی شۆفێرە رێفندراوەکەی کفری ئازاد بکات
ئەو سەرچاوەی ئاسایشی نیشتیمانی بۆ 964 وتی، دوای ئەوەی لێکۆڵینەوەکانیان لەسەر ئەو بابەتە دەستپێکردووە و لە رێگەی ئەو پەیوەندیانەی کە رفێنەرەکان بە خانەوادەی ئەو کەسەوە کردوویانە و داوای پارەیان کردووە توانیویانە شوێنەکایەن بدۆزنەوە.
دەشڵێت، شوێنەکایەن لە نێوان قەزای خاڵس و عوزێم بووە لە دیالە.
دوای چەندین کاتژمێر بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە، شوێنی رفێنەرەکان دۆزرایەوە و سەرجەمیان لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای دیالە دەستگیرکران و رفێندراوەکەش ئازاد کرا و گەڕێنرایەوە ناو خانەوادەکەی.
ساهیر عەلی قایمقامی کفری بۆ 964 وتی، هێزەکانی ئاسایشی کفریش رۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە گەڕاندنەوەی ئەو شۆفێرە و دەستگیر کردنی ئەو کەسانە.
وتیشی هەردوێنێشەو یەکێک لە رفێنەرەکان دەستگیر کراوە و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و شوێنی ئەوانەی دیکەشی بە ئاسایش وتووە.
درەنگانێکی ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، شۆفێرێکی قەزای کفری، کە شۆفێری هێڵی نێوان کفری – بەغدایە، لەنزیک قەزای خاڵسی سەر بەپارێزگای دیالە، لەسەر رێگەی کەرکوک – بەغدا، لەکاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە لەلایەن گروپێکی چەکداری نەناسراووە رفێنرا.