بۆنی ناخۆش بڵاودەکاتەوە

ئاوەڕۆی ماڵان هاوڵاتیانی بێزار کردووە

964+

شۆڕش هەرکی— هەولێر

تێپەڕبوونی ئاوەڕۆی ماڵان بەسەر شەقامی گەڕەکەکاندا و بۆنە ناخۆشەکەی هاوڵاتیانی هەولێری هەراسان کردووە، جگە لەوەی سەرچاوەیەکە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی.

نۆ مانگ بەر لە ئێستا، به‌ گوژمه‌ى (300) ملیۆن دۆلار، بڕیاردرا بە جێبەجێکردنی ”پڕۆژەى ریسایکلینى ئاوى قورس” و چارەسەرکردنی گرفتی ئاوەڕۆکان لەلایەن ئاژانسى جایکا، بەڵام چارەنوسی ئەم پرۆژەیە نادیارە و ئاوەڕۆی ماڵانیش بەبێ چارەسەر ماوەتەوە.

ئەم پرۆژەیە بۆ ئەوەی بوو ئەو ئاوەی كە لە ماڵان بەفیڕۆدەچێت جارێكی دیكە خاوێن بكرێتەوە و بەكار بهێندرێتەوە بۆ پارك و باخچەكان.

ئەندازیارێک باس لەوەدەکات، نەبوونی کۆمپانیایەک یان پرۆژەیەک تایبەت بەریسایکڵین بۆتە هۆی پیسبوون و کاریگەریەکی خراپی بۆسەر دانیشتوان.

بەهزاد ئازاد، ئەندازیارە و بە964ـی وت”، نەبوونی دیزاینێکی گونجاو هۆکارێکی سەرەکییە و پێویستە بخرێتە ژێر زەوی، چونکە لێکەوتەی خراپی هەیە، وەک: دیزانێکی ناشرینی هەیە و بۆنێکی پیس و چەندین نەخۆشی بڵاودەکاتەوە”.

شێرزاد میرۆ، هاوڵاتیە بە964ـی وت، ”لەوەرزی زستاندا ئەم ئاوە پیسە کێشە دروستدەکات و دەبێتە هۆی دروستبوونی لافاو و هاوین بۆن و نەخۆشی بڵاوبکاتەوە”.

هاوڵاتیەکی دیکە بەناوی کامەران یۆنس قسەی بۆ 964 کرد و دەڵێت، ”ئیسراحەت و خۆشیمان نییە، لەبەر بۆنەکەی و لەگەڵ هەوای موبەڕیدە دێتە ژۆرەوە و منداڵەکانمان تووشی زگ چوون و ڕشانەوە بوونە “.

لە چەند پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون وەک سەرەتایەک سیستەمی دووبارە بەکارهێناوەیان داناوە و سوود لە ئاوەڕۆکەیان وەرگرتووە، بەڵام هێشتا زۆربەی گەڕەکەکانی هەولێر کێشەی چارەسەرنەبوونی ئاوەڕۆیان هەیە.

پێداچوونەوە: هاوبەش

ئاوەڕۆ دروست كرا و چەند شەقامێك قیرتاو و کۆنکرێت كران

ئاوەڕۆ دروست كرا و چەند شەقامێك قیرتاو و کۆنکرێت كران