لە گەرمیان
لە دوو رووداودا کەسێک گیانی لەدەستدا و ھەشت کەس برینداربوون
میلاد جەلال – گەرمیان
ئەمشەو ھەینی لە سنوری ئیدارەی گەرمیان دوو رووداوی ھاتوچۆ روویانداوە، یەکێکیان لەسەر رێگای کەلار- دەربەندیخان و ئەویتریان لەسەر رێگای مەرزی پەروێزخان، لەھەردوو رووداوەکەدا کەسێک گیانی لەدەستداوە و ھەشت کەسی دیکەش برینداربوون.
سامان عەلی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی گەرمیان بە 964ـی وت، “یەکێک لە رووداوەکان لەسەر رێگای کەلار- دەربەندیخان بووە لەنزیک گوندی لەواوان، ئۆتۆمبێلێک وەرگەڕاوە و سێ کەس بریندارن، بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەی شەھید مەلا ئەحمەد کەلاری کراون لە ناحیەی باوەنوور”.
“رووداوی دووەم لەسەر رێگای کەلار – مەرزی پەروێزخان بووە، لەنزیک گوندی عەلی میر، دوو ئۆتۆمبێل لە جۆرەکانی تۆیۆتا ماجێستا و ھیۆندای سەنتافی پێکیانداداوە”، سامان عەلی وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەو رووداوەدا ژنێکی تەمەن 50 ساڵ گیانی لەدەستداوە و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون.
وتەبێژی هاتوچۆی گەرمیان وتیشی، تیمەکانیان چوونەتە سەر ھەردوو رووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان لە چۆنیەتی رووداوەکان دەستپێکردووە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری