هاوڵاتیان دڵنیا دەکەنەوە

پاراستنی تەندروستیی هەولێر: چاودێریی ئاوی تەنکەرەکان دەکەین

شۆڕش قادری

بەڕێوبەرایەتیی پاراستنی تەندروستیی هەولێر هاوڵاتیان دڵنیادەکاتەوە لەوەی بەردەوام چاودێریی ئاوی ئەو بیر و چاڵە ئاوانە دەکەن کە ئاو بە تەنکەرەکان دەفرۆشن.

هەرچەندە بەردەوام هاوڵاتیان گلەیی و گازاندەی ئەوە دەکەن، ئەو ئاوەی لە تەنکەرەکان دەیکڕن، پاک نییە و بۆنی لێدێت، بەڵام دکتۆر بێریڤان عەدنان یاسین، بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستیی هەولێر بە 964ـی وت، “بەردەوام و هەر چەند جارێک، پشکنین بۆ ئاوی ئەو بیرە ئیفرازییانە دەکەین کە خاوەن تەنکەرەکان ئاویان لێدەکڕن و لە گەڕەک و کۆڵانەکان بە هاوڵاتیان دەیفرۆشنەوە”.

وتیشی، “لە حاڵەتێکدا کە سکاڵای هاوڵاتیانیان پێبگات، راستەوخۆ و بە نووسراوی فەرمی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر ئاگادار دەکەنەوە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە حاڵەتەکەدا بکەن”.

“ئەرکی چاودێریی ئاوی ماڵان و شەمعەکانیش لە ئەستۆی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێرە”، دکتۆر بێریڤان وای وت.