جگە لە هێزە ئەمنییەکان
تا پێنجشەممە موچەى فەرمانبەرانى مەدەنى و خانەنشینانى هەرێم دەگات
964+
وریا فەتاح
کەمێک پێش ئێستا، وەزیرى دارایى عێراق بە ئەندامێکى کوردى ئەنجومەنى نوێنەرانى وتووە،”بە دڵنیایی تا رۆژى پێنجشەممە، موچەى فەرمانبەرانى مەدەنى هەرێمى کوردستان دەنێرین”.
د.خەلیل دۆسکى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە 964ـى وت،”پێش کەمتر لە کاتژمێرێک، تەیف سامى وەزیرى دارایى عێراق پێى وتم، تا رۆژى پێنجشەممە تەمویل موچەى فەرمانبەرانى مەدەنى و خانەنشینان تەمویل دەکەم”.
باسى لەوەشکرد، وەزیرى دارایى دوو جار جەختى کردووەتەوە کە تا کۆتایى ئەم هەفتەیە موچەى فەرمانبەرانى مەدەنى و خانەنشینانى هەرێم دەنێرێت.
لەبارەى موچەى هێزە ئەمنییەکانیشەوە، خەلیل دۆسکى باسى لەوەکرد، وەزیرى دارایى عێراق وتویەتى،”موچەى ئەوان یەکلایى نەبووەتەوە و پێویستى بە رەزامەندى سەرۆک وەزیرانە، گرنگ ئەوەیە یەکلایى نەبووەتەوە”.
ئەمڕۆ سێشەممە، لیژنەى دارایى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، لەگەڵ هەریەک لە وەزیرانى (دارایى، پلاندانان، نەوت، پارێزگارى بانکى ناوەندى)، کۆبوونەتەوە.
خەلیل دۆسکى لە میانى کۆبوونەوەکەدا ئەو پرسیارانەى وەزیرى دارایى عێراق کردووە.